منداڵەکانی ئەو پیاوەی کەلەپچەکرابوو هەواڵی مەرگی دایکیان لە فەیسبووکەوە زانیوە

منداڵەکانی ئەو پیاوەی کەلەپچەکرابوو هەواڵی مەرگی دایکیان لە فەیسبووکەوە زانیوە
یوسف و ئالان دوای گیانلەدەستدانی دایکیان هەواڵەکەیان پێ نەدرا، تاوەکو ئەوکاتەی باوکیان توانیی بگەڕێتەوە بۆلایان کە بە کەلەپچە لەتەنیشت تەرمی هاوژینەکەی بەسترابووەوە.

یوسف و ئالان دوو کوڕەکەی مامۆستا محەممەد دوای رۆژێک هەواڵەکەیان لە فەیسبووکەوە بیست. یوسف کە تەمەنی 14 ساڵانە لەوکاتەوەی هەواڵەکەی بیستووە، شۆک بووە، جگە لەگریان و هەنسکی ژێر دەمامکەکەی، بەو تەمەنەوە درک بەوە دەکات کە ئەوەی لەکاتی مردنی دایکی لە باوکی کراوە زوڵمە.

ئێستا ئەوان لای داپیرەیانن، دەیانەوێت بۆ هەمیشە لەلای بمێننەوە. محەممەد کەریم، هاوژینی قوربانییەکە دەڵێت "کوڕە گەورەکەم بەرامبەرم هات، گوتی بۆ بەتەنهای کوا دایە، گوتی بۆ نە تەلەفۆنم بۆ دەکات و نە پرسیارم دەکات، گوتم دۆخی باش نییە، دەبێت چاوەڕێ بکەین، دایکم تەلەفۆنی بۆم کرد کاژێر 03:00ی شەو، گوتی فریام بکەوە منداڵەکە زانیویەتی، هاتم بینیم دۆخی خراپە ئەم ژوور و ئەو ژوور دەکات، دەگریا و تاوەکو ئێستاش زۆر خراپە".

نزیکەی 20 پارێزەری خۆبەخش ئامادەی لەئەستۆگرتنی ئەو داوایەیان نیشانداوە. بەپێی زانیارییەکان فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بڕیاریداوە سکاڵاکەی لە دادگا بەهۆی شکاندنی ئامێرەکەی نەخۆشخانەی کەرکووکی گشتییەوە لەسەر مامۆستا محەممەد بکشێنێتەوە.

جیاواز لە لیژنەکەی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش لیژنەیەکی باڵایان بۆ ئەو رووداوە پێکهێناوە. دکتۆر زیاد خەڵەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت "لیژنەکە وزارییە و پێکهاتووە لە کەسانی پسپۆڕ، ئێمەش لیژنەیەکمان لە کارگێڕی و پشکنین و مۆڵەتی ئەمنی پێکهێناوە بۆ ئەو بابەتە، لە رۆژانی داهاتوودا دەگەینە ئەنجام لە لێکۆڵینەوەکان و دڵنیادەبین لەوەی کێ کەمتەرخەمە و لێپێچینەوە لەوە دەکەین کەمتەرخەمیی کردبێت".

نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق لە رووداوەکە دەکۆڵنەوە، پەیوەندییان بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە کردووە تاوەکو لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسیارانی ئەو رووداوە بکات کە پیاوێک لەکاتی گیانلەدەستدان و تاوەکو مردنی هاوژینەکەی بە قەرەوێڵەی هاوژینەکەیەوە کەلەپچەکراوە؛ نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتەکە کردووە و داوادەکەن بەپەلە بێنە دەنگ لەو رەفتارەی هێزە ئەمنییەکان.

جەمال شکور، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە بەوە دەکات "ئەم نووسراوەی ئەمڕۆ ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین تاوەکو لیژنەیەکی دیکەش بێت، لیژنەکەی تەندروستی دەستبەکاربوون، ئەمڕۆ دەبێت لیژنەی وەزارەتی ناوخۆش دەستبەکاربێت بۆ ئەو پێشێلکارییەی کرا و تاوەکو مافی ئەو هاونیشتمانییە وەربگرین".

بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی کەرکووک، لەو پارێزگایە دوو هەزار و 695 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، هەزار و 295 تووشبوویان لەژێر چاودێریدان، دۆخی تەندروستیی 15%ی تووشبووان ناجێگیرە و تاوەکو ئێستا 137 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.








رووداو
Top