ژیان تاھر: پاکسازی لە لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەستی پێ کردووە
ژیان تاھر، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "یەکێک لە خاڵەکانی نێو یاسای چاکسازی پێداچوونەوەیە بە لیستی ھەموو فەرمانبەران و مووچەخۆران و شەھیدان و کەرتی سەربازی و خانەنشینی، لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی کاروباری شەھیدان پێک ھاتووە و وەزیری شەھیدان خۆی سەرۆکی لیژنەکەیە و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش تێیدا ئەندامن."
ژیان تاھر ئاشكرای كرد، ئەم پاکسازییە بەپێی یاسای چاکسازی: بەشی دووەم، ماددەی دووەم، خالی دووەم: پاککرنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی ماف و ئیمتیازاتی میراتگری ئەو کەسانەی کە بەدەرن لە حوکمەکانی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٠٧ی ھەموارکراو (یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان) جێبەجێ دەکرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان دەشڵێت: "لە ھەرێمی کوردستان حەفتا و ھەشت ھەزار و ٧٨٤ کەس وەک شەھید و شەھیدی جینۆساید تۆمار کراون، ھەروەھا پێنج ھەزار و ١٥٧ زیندانیی سیاسی ماوەی ١٠ ساڵە سوودمەندن لە مینحەی حکوومەت و کۆی گشتیی ئەو زیندانیانەی فایلیان بۆ کراوە و کۆدیان بۆ دیاری کراوە، بەڵام لە وەرگرتنی مینحە سوودمەند نەبوونە ھەژدە ھەزار کەسە."
تاھر جەختی کردەوە: "چاکسازی لە لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەستی پێ کردووە و فایل بە فایل پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ھەموو ئەوانەی بەپێی یاسا مافی سوودمەندبوونیان نییە لادەبرێن و چاکسازیی تەواو لە لیستی شەھیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسیدا دەکرێت."
ژیان تاھر گوتیشی: "ئێمە بەدواداچوونمان بۆ پێداچوونەوە بە لیستی وەزارەتی شەھیدان کردووە و پێیان ڕاگەیاندووین کاری تێدا دەکرێت و دەست بە پاکسازی کراوە، بەڵام کاتیش پێویستە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک، چونکە ژمارەیەکی زۆری خەڵک تێدا ھەیە و پێویستە لاببرێن لەنێو لیستەکە."
PDK
