دەرمانێکی چارەسەری کۆرۆنا گەیشتە کۆگاکانی دەرمان لە هەولێر
د.شێروان حەمەد ئەمین عەزیز، بەڕێوەبەری بەشی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەولێر راگەیاند، دەرمانی فاڤیپیڕاڤیر، کە دەرمانێکە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێندرێت و کۆمپانیای ئاوامێدیکا دروستیکردووە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە "بڕێکی باشی لێ کڕدراوە" و ئیستا گەیشتووەتە کۆگاکانیان.
بەڕێوەبەری بەشی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەولێر گوتی، ئەگەری هەیە هەر ئەمشەو دەرمانەکە بەسەر سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا وەک نەخۆشخانەی ئیماراتی و نەخۆشخانەی رزگاریی دابەش بکرێت.
سەبارەت بە دەرمانەکە کە وەک چارەسەرێک بەکاردەهێندرێت، د.شێروان حەمەد ئەمین عەزیز گوتی، بەپێی ئەو دەرەنجامانەی کە لە رووسیا و وڵاتانی دیکە بەکارهاتووە لەماوەی نزیکەی چوار رۆژ تاوەکو 7 رۆژ کۆتایی بە نیشانەکانی کۆرۆنا دەهێنێت، و بەپێی ئەو بڕەی کە پرۆتۆکۆلی عێراقی دایناوە بۆ تووشبووەکان بەکاردەهێندرێت.
تێچووی هەر پاکەتێکی دەرمانەکە 200 دۆلارە بەڵام وەک بەڕێوەبەری بەشی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەولێر دەڵێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێرەوە کڕدراوە و بەسەر تەواوی ئەو تووشبووانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکانی هەولێر خەوێندراون بەبێ بەرامبەر دابەشدەکرێت.
ناوەندی نیشتمانیی چاودێری و توێژینەوەی دەرمانی عێراقی لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەرمانی دژەڤایرۆسی فاڤیپیڕاڤیر کە کۆمپانیای ئاوامێدیکا بەرهەمیدەهێنێت لە پشکنینی تاقیگەیی فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆژی دەرچووە.
کۆمپانیای ئاوامێدیکا دەرمانەکەی بە شێوازی "under license" دروستکردووە؛ ئەوەش واتە، تەکنەلۆژیاکەیان لە کۆمپانیایەکی دیکە وەرگرتووە و دەرمانەکەیان دروستکردووە. د. شاخەوان زاهیر، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیاکە کوالێتیی دەرمانەکەیان بە باشتر لە کوالێتیی دەرمانە رووسییەکە دەزانێت و دەڵێت "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی Glenmarkـی هیند کرد و ماددە خامەکانیان بۆ ناردین، ئێمەش دەستمان بە بەرهەمهێنان کرد".
رووداو
