تەندروستی راپەڕین بانگەوازێک ئاڕاستەی هاوڵاتیانی سنورەکە دەکات

تەندروستی راپەڕین بانگەوازێک ئاڕاستەی هاوڵاتیانی سنورەکە دەکات
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین رایگەیاند، یەکێک لە ھێڵەکانی چارەسەری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بریتییە لەوەرگرتنی پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەوە، بۆیە داوا لەو کەسانەی دەکەن کە کۆرۆنایان تێپەڕاندوە و 28 رۆژ بەسەر چاکبونەوەیاندا تێپەڕیوە، سەردانی سەنتەرەکانی بانکی خوێن بکەن بۆ بەخشینی پلازما.

ئەو توشبوانەی ماوەی 28 رۆژە چاکبونەتەوە، سەردانمان بکەن بۆ بەخشینی پلازما
تەها محەمەد، وتەبێژی تەندروستی راپەرین بە خەندان-ی راگەیاند، لە ئێستادا 26 توشبوی کۆرۆنا لە سەنتەرەکانی چارەسەرکردن خراونەتە ژێرچاودێری پزیشکییەوە و تەندروستی زۆرینەی توشبوەکان جێگیرە، بەڵام تەندروستی راپەڕین داوا لەو کەسانە دەکات کە پەتاکەیان تێپەڕاندوە و 28 رۆژ بەسەر چاکبونەوەیاندا تێپەڕیوە، سەردانی سەنتەرەکانی بانکی خوێن لە رانیە و قەڵادزێ بکەن بۆ بەخشینی پلازما.

ئامانج لەو هەنگاوە ئامادەکارییە بۆ ئەگەری تۆمارکردن و بونی توشبوانی کۆرۆنا کە دۆخیان ناجێگیربێت
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانج لەو هەنگاوە ئامادەکارییە بۆ ئەگەری تۆمارکردن و بونی توشبوانی کۆرۆنا کە دۆخیان ناجێگیربێت لە سنورەکە، لەو کاتەدا یەکێک لە ھێڵەکانی چارەسەری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بریتییە لەوەرگرتنی پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەوە".

تەنها پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە نیشانەکانی پەتاکەیان هەیە و رەوانەی سەنتەرەکانی چارەسەرکردن دەکرێت
وتەبێژی تەندروستی راپەرین ئەوەشی خستەڕو، تائێستا 335 توشبوی کۆرۆنا لە سنورەکەدا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش 70 کەس چاکبونەتەوە و 15 توشبوش گیانیان لەدەستداوە، "لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ژمارەی کیتی پشکنینەکان رێژەیەکی دیاریکراوە، تەنها پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە نیشانەکانی پەتاکەیان هەیە و رەوانەی سەنتەرەکانی چارەسەرکردن دەکرێت".











خەندان
Top