ئەنجوومەنی وەزیران چەند پەیڕەوێکی یاسای چاکسازی پەسەند دەکات
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، لە چوارچێوەی هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری (پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم) خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە مەبەستی سەرەکی لەم سندوقەش زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەکە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت، سندوقەکەش ئەنجوومەنێکی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
پاشان ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران هەر لە چوارچێوەی پەیرەوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی (پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور) سەرەڕای مەرجە گشتییەکانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕوو. پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە پەسەند کرا، کە مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوەش ڕەچاوکردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.
ئینجا پرۆژە یاسای نوێی فرۆشتن و بە کرێدانی مایەکانی دەوڵەت لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایە ڕوو و دواتر بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.
پاشان بڕیار لە سەر پێشنیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو درا تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستنی مافی ڕەفتارکردن لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی ژمارە 1ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی کە مەرج وپێداویستییەکانی هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبووکردنەوەکانیان ڕایی نەکراوە، ئەویش لە دوای ووردبینی دۆسیەکان و دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجە یاساییەکان، بەم جۆرە کێشەی بەشێکی زۆر ئەو هاووڵاتییانە چارەسەر دەبێت کە بە شێوەی کارت و بە پێی شایستەبوون زەویان پێدراوە لە ساڵانی پێشوو، بەڵام تا ئێستا لە فەرمانگەکانی تاپۆ بەناویان نەکراوە، دەرفەتیش دەدات بەو هاووڵاتییانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژەکان کڕیوە، بە فەرمی بەناوی خۆیان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرەکانی (شارەوانی وگەشتوگوزار، کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو، داد) ڕاسپێردران پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەی یاسایی ئەو هاووڵاتیيانە.
باسنيوز
