دایکێک و شەش منداڵەکەی بەهۆی نەبوونییەوە کەوتوونەتە سەر شەقام

دایکێک و شەش منداڵەکەی بەهۆی نەبوونییەوە کەوتوونەتە سەر شەقام
خێزانێک کە لە دایکێک و شەش منداڵ پێکهاتوون، بەهۆی نەبوونییەوە نەیانتوانیوە کرێی خانوو بدەن، خاوەنی خانووەکە دەریکردوون و کەوتوونەتە سەر شەقام. دایکی منداڵەکان دەڵێت، کرێی سێ بۆ چوار مانگیان نەداوە، توانای دابینکردنی کرێیان نییە و سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، هەربۆیە بە ناچاری چوونەتە سەر شەقام.

ئەو خێزانە لە ناحیەی رزگاری بوون لە تۆپزاوا، بە گوتەی دایکی منداڵەکان، کرێی مانگانەیان 100 هەزار دینار بووە، بەخێوکەریان نییە و پشتیان بە کوڕەکەیان بەستووە کە رۆژانە حەوت بۆ هەشت هەزار دیناری دەستدەکەوێت.

ئەو ژنە ئاماژەی بەوەش کرد کە چەند کاژێرێکە لە خانووەکە دەرکراون و داوا لە خەڵکیش دەکات کە هاوکارییان بکەن، بەهۆی نەبوونیشەوە توانای کڕینی خواردنیان نەبووە و کەسێک خواردنی بۆ کڕیون.

کوڕە گەورەی ئەو ژنە ئاماژەی بەوە کرد کە خاوەن خانووەکە جگە لەوەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون، مۆڵەتی سێ رۆژیشی پێداون کە خانووەکە چۆڵکەن، داوای خانووش لە هەرکەس دەکەن پێشەکیی دوو مانگی دەوێت، دەشڵێت "پەیوەندیم بە مام و خاڵیشمەوە کردووە هاوکارییان نەکردووین"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو خەمی خوشکە بچووکەکانیەتی و خەمی خۆیی نییە.

ئەو کوڕە گوتیشی لە گومرگ رۆژانە بە حەوت بۆ هەشت هەزار دینار کاردەکات، تەنانەت بەهۆی نەبوونیشیانەوە نەیانتوانیوە غازی چێشتلێنان پڕبکەنەوە.

ژنەکە بە گریانەوە گوتی، گریانی ئەو بەهۆی نەبوونییەوەیە و توانای کڕینی خواردنیان نەبووە و کەسێک بایی 15 هەزار دینار خواردنی بۆیان کڕیوە.









رووداو
Top