هەپەگە: لە حەفتانین 16 سەربازی تورکیا کوژران

هەپەگە: لە حەفتانین 16 سەربازی تورکیا کوژران
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رایگەیاند، گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار لە ناوچەی حەفتانین 16 سەربازی تورکیایان کوشتووە.

بەپێی راگەیێندراوی ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، لە پێنج شوێنی جیاواز دا لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 12 و 13ی تەممووز، لە حەفتانین لە باشووری کوردستان شەڕ و پێکدادان لەنێوان گەریلا و هێزەکانی سوپای تورکیا روویداوە و لانیکەم 16 سەربازی تورکیا کوژراون؛ بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەرۆکایەتیی ئەرکانی تورکیا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

وەکو لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، بەرەبەیانی 12ی تەممووز لە ناوچەی خانتوور لەنێوان گەریلا و هێزەکانی تورکیادا شەڕ و پێکدادان روویداوە، بەوهۆیە لانیکەم پێنج سەربازی تورکیا کوژراون و سەربازێکیش برینداربووە.

هەپەگە دەڵێت، سەرلەبەیانی هەمان رۆژ لە تەپۆڵکەی دووپشک پێنج سەرباز و لە گردی شەهیدان جوان و سەرفراز دوو سەرباز کوژراون و لە گردی کۆردینەش سەربازێکی دیکەی تورکیا کوژراوە؛ هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، رۆژی دووشەممە 13ی تەممووزی 2020 هەر لە حەفتانین و لە پێکدادانێکی دیکەدا سێ سەربازی تورکیا کوژراون.

شەوی 15ی حوزەیران، لەژێر ناوی هێرشکردنە سەر پەکەکە و گرووپی دیکە، هێزی ئاسمانیی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی لە حەفتانین دەستپێکرد، لە 17ی حوزەیران ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگی راگەیاند و دەستی بە هێرشی زەمینی لە ناوچەکانی حەفتانین و خواکوڕک کرد.








رووداو
Top