وێستگەی کارەبای هەڵمیی خەبات
لەکاتی بەگەڕخستنی وێستگەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، راستە پرۆژەکە لە خەباتە، "بەڵام بەرهەمەکەی بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە".
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەم پرۆژەیە لە كابینەی پێشوودا دەست بەدروستكردنی كراوە، ئێستا قۆناخی یەکەمی دەکەوێتەکار. كەوتنەگەڕی هەردوو یەکەی ئەم وێستگەیە کارەبای هەرێمی كوردستان بەرێژەی 10% زیاد دەكات. بە كردنەوەی ئەم وێستگەیە و دەستپێکردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی خزمەتێکی باشتری هاووڵاتیان دەکرێت".
وێستگەکە لەسەر بنەمانی گرێبەستێکی نەوت کە ساڵی 2008 لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کۆریای باشوور (KNOC)دا واژۆکراوە دروستکرا، تەواوی تێچووی ئەو وێستگەیە لەلایەن ئەم کۆمپانیا کۆرییەوە دابیندەکرێت.
ئەو وێستگەیە لە 6ـی ئابی 2012 لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر گرێبەستی دامەزراندنی کرا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیران بوو و لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کۆریای باشوور KNOC و پۆسکۆ، ئەوکات پڕۆژەکە بەهۆی شەڕی داعش راگیرا و دواتریش قەیرانی دارایی.
بەپێی زانیارییەکانی تيمى سەرپەرشتیاری وێستگەکە، وێستگەی كارەبای هەڵمیی خەبات بە یەكێك لەو وێستگە پێشكەوتووانە دادەنرێت كە بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز دروستكراوە و لەڕووی كەمی تێچوون و پاراستنی ژینگەوە گرنگییەكی رادەبەدەری هەیە و جیاوازە لە وێستگەكانی دیکەی بەرهەمهێنانی كارەبا، كە لە رێگەی گازی سرووشتی و گازوایلەوە كاردەكات، تەنانەت ئەو ئاوەی كە لەوێستگەكە دەردەچێت چارەسەری كیمیایی بۆ دەكرێت و دەتوانرێت دووبارە لەلایەن مرۆڤەوە بەكاربهێندرێتەوە.
رووداو
