جوان رۆژبەیانی: کابینەی نۆیەم چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە
جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێگەی ئەو متمانەیە بووە کە پێی دراوە.
جوان رۆژبەیانی هەروەها رایگەیاند، سەرەڕای قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا، کابینەی نۆیەم لە ماوەی یەک ساڵی تەمەنی خۆیدا، چەندین هەنگاوی گەورەی ناوە، کە گرنگترینیان جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە.
بەپێی بەداداچوون و زانیاریی ئەو پەرلەمانتارە، کابینەی نۆیەم کار و بەرنامەی باشتری هەیە، ”دڵنیام لە ئایندەیەکی نزیکدا بەسەر هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانە سەردەکەوێت، کە لە ناوخۆ و عێراقەوە بۆی دروست دەکرێت“.
رۆژبەیانی جەختی لەوە کردەوە، کە کابینەی نۆیەم شایستەی ئەو متمانەیە بوو کە وەری گرتووە و و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەو هێڵە گشتییانە دەکات، کە لەکاتی سوێندخواردنی لە پەرلەمان، خستییە روو.
باسنيوز
