وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: نزیکەی 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان دروست دەکرێن
مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە دروست دەکرێن کە ھەندێکیان لە قۆناغی تەواوبوون و ھەندێکیشیان بەشێکی زۆری کارەکانیان بۆ کراوە".
گوتیشی: "بەھۆی ئەو بارودۆخەی دوایی و پەتای کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە کە ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە شێوەی کاتی کارکردن لەو یەکە نیشتەجێبوونانە وەستاوە و دوای ئاساییبوونەوەی حاڵەتەکان، دەست دەکرێتەوە بە کارکردن تێیاندا و تەواو دەکرێن".
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسی لەوەش کرد دوای تەواوبوونیان، بەپێی چەند مەرج و ڕێنوێنییەک، یەکە نیشتەجێبووەکان بەسەر کەسانی کرێنشین و کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێن.
باسنيوز
