وەزیری تەندروستی: پێشبینی دەکەین ژمارەی تووشبووان بگاتە 120 هەزار کەس
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی پێشبینیکراو بە پشتبەستن بە چەماوەی پەتیایی (Epidemic curve) لە هەرێمی کوردستان تاوەکو مانگی شووباتی ساڵی 2021 بگاتە 119 هەزار و 487 تووشبوو.
سەبارەت بە جۆری تووشبوونەکان تاوەکو ساڵی داهاتوو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا وەزیری تەندروستیی گوتی، لەو ژمارەیە 95 هەزار و 589 کەس تووشبوونەکەیان بەشێوەی سووکە، حەوت هەزار و 923 تووشبوویان بەشێوەی تووند و پێنج هەزار و 974 تووشبووش باری تەندروستییان ناجێگیردەبێت.
بەگوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەگەر ئەو ژمارەیە بەمشێوەیە بێت کە پێشبینیکراوە، ئەوا هەرێمی کوردستان پێویستی بە شەش هەزار و 39 قەرەوێڵە دەبێت لە یەککاتدا. هەروەها ئەوکاتە پێویستە 525 هەزار و 724 کەس پشکنین ئەنجام بدرێت، واتە دوو هەزار و 500 پشکنین لە رۆژێکدا.
ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 2443 تووشبوو %25 ، سلێمانی 6668 تووشبوو %69 ، دهۆک 288 تووشبوو %03 ، هەڵەبجە 296 تووشبوو %03 . هەروەها ژمارە و رێژەی تووشبوو و مردن و چاکبوونەوەش بەمشێوەیە لە هەرێمی کوردستان: 4031 واتە %41.6 ، چاکبوونەوە 5324 واتە %54.9 و گیانلەدەستدان 340 واتە %3.5 .
رووداو
