حدک و حدکا لە هەوڵدان دۆسیەی تیرۆرکردنی د. قاسملوو زیندوو بکەنەوە
سەعید بێگزادە، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی وڵاتی حدک راگەیاند، داوایان لەو وڵاتە کردووە کە بڕیاری دەستبەسەرکردنی بکوژانی د. قاسملوو بخاتە بواری جێبەجێکردن.
هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی حدکایش دەڵێت، دۆسیەکە دانەخراوە، بەڵام بەهۆکاری سیاسی و ئابووری نەیانتوانیوە بەگەڕی بخەنەوە.
بە گوتەی هیوا بەهرامی، دەسەڵاتی سیاسیی نەمسا رێگری لە بەگەڕخستنەوەی دۆسیەکە دەکات و هەروەها بۆ زیندووکردنەوەی دەبێت تیمێک لە پارێزەرانی شارەزا و پسپۆڕ بەدوای کارەکەوە بن کە تێچووی ئابووریی زۆری هەیە.
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە باڵەخانەیەکی ناوەندی شاری ڤییەننای نەمسا لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ نێردراوانی ئێران تیرۆر کرا. حیزبی دیموکرات دەڵێت، "وەفدی ئێران لە بەرگی دانوستاندنکاردا راسپێردراوی کوشتن بوون" و کەمتەرخەمیی وەفدی حیزبەکەیان دەرفەتی پێداون ئەوان ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن.
بەرپرسی وەفدی ئێران محەممەد جەعفەری سەحراروودی بووە. لە رووداوەکەدا، کەوانەکردنی گوللـە برینداریکرد، بەڵام زیندوو مایەوە و بە برینداری لە نەخۆشخانەوە رەوانەی تاران کرایەوە.
بەپێی ئەو بەڵگەیە، دادگای ڤییەننا بڕیاری دەستبەسەرکردنی سەحراروودی داوە، بەڵام پێنج مانگ دوای تیرۆرەکە سەحراروودی لە تاران بووە. ئەو تاوەک ئێستاش یەکێکە لە بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی سیاسی و سەربازیی ئێران و شوێنەواری برینەکە وەک نیشانەی دەستهەبوونی لەو رووداوە هەر لەجێی خۆیەتی.
بەپێی یاسای نەمسا دۆسیەی هیچ کوشتنێک داناخرێت تاوەکو بکوژ دیار نەبێت. دۆسیەی تیرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانیشی بەو شێوەیەیە و تەنیا رەوتی لێکۆڵینەوەکانی وەستاون.
سەعید بەیگزادەم بەرپرسی کاروباری دەرەوەی وڵاتی حدک رایگەیاند، "ئێمە وەک حیزبەکەمان لەو دۆسیەیە ساردنەبووینەتەوە و هەر بەدوایەوە بووین. دوو ساڵ دەبێت بە درووشمی "نە لە یادت دەکەین و نە لێیان دەبوورین" بەدوای ئەوە دۆسیەیەوەین. حکومەتی نەمسا پێی راگەیاندووین کە ئەو سێ تیرۆریستە حوکمی گرتنیان هەیە. ئێمەش جارێکی دیکە داوامان لێکردوونەتەوە کە ئەو دۆسیەیە زیندوو بکەنەوە".
ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات 31 ساڵە داوا دەکەن نەمسا دۆسیەی تیرۆری د. قاسملوو بخاتەوە گەڕ و کوشتنەکەی وەک تیرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بناسێنێت و بەرپرسانی باڵای ئێران وەک فەرماندەری کوشتنی د. قاسملوو بناسێنێت، بەڵام ئەو داوایە تاوەکو ئێستا بێوەڵامە.
هیوا بەهرامی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی حدکا دەڵێت، "لە 31 ساڵی پێشوودا دەسەڵاتی سیاسیی نەمسا رێگەی لەوە گرتووە ئەم دۆسیەیە بەرەو پێش بچێت. بۆ ئەوەی ئەم کەیسە بجووڵێنرێت، پێویستە لە لایەکەوە گوشارێکی جەماوەری سازبکرێت، لە لایەکی دیکەشەوە تیمێکی پارێزەرانی ناودار و شارەزا ئامادەبن ئەم کەیسە لە ئەستۆ بگرن. بۆ ئەمەیش دەسەڵاتێکی ماددی زۆر پێویستە".
لەکاتی روودانی تیرۆرەکەدا حیزبی سۆسیال دیموکرات و دیموکرات مەسیحییەکان لە نەمسا لە دەسەڵاتدا بوون. ئەو کات پارتیی سەوز ئۆپۆزیسیۆن بوو و پەردەپۆشکردنی دۆسیەی د. قاسملوویان بە ئابڕووچوون بۆ وڵاتەکەیان لە قەڵەم دا.
پارتیی سەوز ئێستا لەگەڵ دیموکرات مەسیحییەکان لە حکومەتدایە و وەزارەتی داد بە دەست ئەو حیزبەوەیە. ئەوە دەرفەتێکە بۆ بەگەڕخستنەوەی دۆسیەکە.
وەزارەتی دادی نەمسا رایگەیاندووە، ئەگەر بەڵگەنامەی تازە هەبێت، دۆسیەکە رەوانەی دادگای ڤییەننا دەکاتەوە. ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی لایەنەکانی دێموکراتدایە کە بە دەستپێکردنی هەوڵێکی چڕی سیاسی، یاسایی و دیپلۆماسی، خواستی 31 ساڵەیان بهێننەدی.
رووداو
