پارێزگاری هەولێر: هیوادارین بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان هەڵبگیرێت

پارێزگاری هەولێر: هیوادارین بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان هەڵبگیرێت
پارێزگاری هەولێر راگەیاند، هیوادارین بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان هەڵبووەشێنرێتەوە و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاتووچۆ بکەن، بەڵام ئەم بڕیارە لە دەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە و دەبێت ئەوان ئەو بڕیارە بدەن.

د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر راگەیاند، "هەولێر ماڵی گەورەی هەمووانە" و هەرکاتێک وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان نەمێنێت، ئەوا "ئێمە پێشوازییەکی گەرم لەو بڕیارە دەکەین".

سەبارەت بە پشکنینی هاووڵاتیان لە بازگەکان بە پارە، پارێزگاری هەولێر گوتی، بەهیچ شێوەیەک ئەو بڕیارە تایبەت نەبوو بە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوان ناتوانن لە بازگەکان پشکنین بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن.

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا میکانیزمێکی دیکەیان گرتووەتەبەر بۆ بڵاونەبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا و بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە هەر کەسێک لە بازگەکانی عێراقەوە دێتە هەرێمی کوردستان دەبێت پشکنینی بۆ بکرێت.

بەگوتەی فرسەت سۆفی، لە ماوەی 82 رۆژی رابردوودا 17 هەزار پشکنینیان لە بازگەکانی هەولێر کردووە و کۆی گشتیی پشکنینەکانیش 70 هەزار پشکنینە. دەشڵێت "توانای دارایی ئەوەمان نەماوە کە بەردەوام پشکنین لەسەر ئەرکی خۆمان بکەین، لەبەرئەوە ئێمە داوامان کردووە کە بەپارە پشکنین بکرێت و لە 50 هەزاریش زیاتر نەبێت".

پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان تەنیا پێشنیازیان کردووە بۆ پشکنینی خەڵک لە بازگەکان بەپارە، "سبەی ئەگەر بێت و وەزارەتی ناوخۆ ئەو بڕیارە رەتبکاتەوە ئێمە پابەندەبین و تاوەکو ئێستاش ئەو پێشنیازە نەبووەتە بڕیار و نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە."

سەبارەت بە کردنەوەی بازاڕ و دووکانەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی، شەش رۆژ قەدەخەی هاتووچۆمان راگەیاند ئەنجامەکەی زۆرباشبوو. بەڵام ئێستا تەنیا 10%ی شوێنەکان بەداخراوی ماونەتەوەو "بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری نین."









رووداو
Top