لە سلێمانی حەوت کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

لە سلێمانی حەوت کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 13-07-2020، حەوت کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی راگەیاند، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە چوار کەسیان خەڵکی نێو شاری سلێمانین و سێ کەسەکەی دیکەش هی دەرەی شارن و خەڵكی (کەلار، کانی وەتمان و قەرەداغ)ن.

رۆژی یەکشەممە 12-07-2020، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هەزار و 990 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە. هەروەها ئەمڕۆش رایگەیاند کە شەپۆلی کۆرۆنا لە سلێمانی بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت، ئەگەر هاووڵاتیان خۆپارێزی بکەن لە داهاتوودا هەواڵی دڵخۆشکەر سەبارەت بە ئامارەکانی کۆرۆنا دەبیستن.

پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای تێدایە. تاوەکو ئێستا شەش هەزار و 515 کەس لە پارێزگاکە تووشی کۆرۆنا بوون و 268 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆناش لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نۆ هەزار و 455 کەس. لەو ژمارەیە سێ هەزار و 378 کەس چاکبوونەتەوە و 326 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.









رووداو
Top