گۆمی بێکۆدیان لە چۆمان بەرزترین گۆمی عێراق و باشووری کوردستانە

گۆمی بێکۆدیان لە چۆمان بەرزترین گۆمی عێراق و باشووری کوردستانە
گۆمی بێکۆدیان بەرزترین گۆمی عێراق و باشووری کوردستانە، لەنێوان لووتکە چیاکانی پڕخێڵند و قەرەد لە زنجیرە چیای حەساری سەکرانە کە دەکەوێتە سنووری قەزای چۆمان، بەرزیی لە ئاستی رووی دەریا سێ هەزار و 198 مەترە؛ لە ناوەڕاستی تەممووزدا بەفر بەرۆکی بەرنادات.

رووبەری گۆمی بێکۆدیان نزیکەی 300 مەتر دووجایە، سەرچاوەی ئاوەکەی کانیاوی لێوارەکانی و توانەوەی بەفرە. رۆژانە گەشتیار و شاخەوانی زۆر بۆ بینینی گۆمەکە رێگەی دووری بۆ دەبڕن.

مامۆستایەک بەناوی وەلی قادر ئاماژە بەوە دەکات، 10 کاژێر رێگای بڕیوە تاوەکو گەیشتووەتە گۆمی بێکۆدیان و دەڵێت "هەر کە دەگەیت، بە بینینی گۆمەکە هەموو ماندووبوونەکە لەبیردەکەیت، لێرە دیمەنی جوان و ئاوی سازگار و هەوای پاک هەیە، ئومێدەوارم ئەو کەسانەی دێنە ئێرە سرووشتەکەی بپارێزن و خاوێنییەکەشی هەر ئەوەیە بە ئەستەم دەستی مرۆڤەکانی پێدەگات".

ئاوی گۆمەکە زۆر ساردە، هەرکەس بیەوێت مەلەی تێدا بکات، ناتوانێت زۆر خۆی تێیدا رابگرێت، بەڵام ژمارەیەک شاخەوان مەلەوانیکردن تێیدا بە سوودی تەندروستی دەزانن.

کوێستانی بێکۆدیان بە دووریی 210 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر و کەمتر لە کیلۆمەترێک لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوورە، زۆرجار گەشتی شاخەوان و گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ بێکۆدیان دەکرێت.

رێگای چوون و گەرانەوەی بێکۆدیان پڕن لە تاڤگە و کانیاوی سازگار، بە دەیان جۆر باڵندەی دەنگخۆش دەبینیت، سەدان جۆر لە گوڵ و گوڵزار ژینگە و سرووشتەکەیان رازاندووەتەوە، هەمیشە بۆنی گوڵە روون، سوسن، بەیبوون و بۆرژان دەکەیت.







رووداو
Top