بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەستی لەکار کێشایەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەستی لەکار کێشایەوە
د. دۆستی نەجات عوسمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەستی لەکار کێشایەوە و دەڵێت، دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە، چونکە چیدیکە "ناتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم".

د. دۆستی نەجات عوسمان لە نووسراوێکدا بەبۆنەی دەستلەکارکێشانەوەی باسی لەوە کردووە، هەر لە سەرەتاوە پلانی کورت مەودا، پلانی دوو ساڵە و پێنج ساڵەیان داڕشت و بەشی زۆری جێبەجێ کرا، دەشڵێت "بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لە زۆر رووەوە لەبارنیە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاتر، بەو هۆیەوە نامەوێت لە شوێنێکدا کار بکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا سوپاسی هەموو پزیشک و کارمەندەکانی نەخۆشخانەی هیوا، سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانیی شۆڕشی کردووە و دەشڵێت "بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق، چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجامدا کە سوپاس بۆ خودا سەدان نەخۆشی لە شێرپەنجە و سالاسیمیا چاککردووەتەوە و خەرجیی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لە دەرەوەی وڵات بۆ خەڵک و حکومەت گەڕاندووەتەوە".

هاوکات داوای لێبوردنی کردووە لە هەر نەخۆشێک کە لەو ماوەیەی ئەو بەڕێوەبەر بووە، کەموکورتییەک لە خزمەتگوزارییەکانیان هەبووبێت، ئاماژە بەوە دەکات کە بە چاوی خزم و کەسی خۆیان لە هەموو نەخۆشێکیان روانیوە و "هیچکات ژوور و خزمەتی تایبەتمان بۆ هیچ کەسێک نەبووە لەناو نەخۆشخانەکەدا".







رووداو
Top