فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سۆران عومەر دەرچوو
بەپێی نووسراوێک کە ئەمڕۆ یەکشەممە 12-07-2020 دەرچووە و واژۆی دادوەر عماد فارس رەشیدی لەسەرە تێیدا هاتووە "گشت ئەندامانی پۆلیس ئێوە رێگەتان پێدراوە و لە سەرتانە ئەم تۆمەتبارە (سۆران عومەر) بگرن و بیدەنە دادگاکەمان چونکە لە بنکەی پۆلیسی خانەقا سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە".
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە جۆری تاوان و ماددەی یاساییەکەی، ماددەی 433ـەیە لە یاسای سزادانی عێراقی.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە نووسراوی دادگا راگەیاند، "من بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پارێزبەندیم بۆ گەڕاوەتەوە، ئەو نووسراوەی دادگا بەکارهێنانی دادگایە بۆ شەڕێکی سیاسی و کارێکی خراپە و لێدانە لە شکۆی دادگاکان" .
لە 7ـی مانگی ئایار بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندیی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا. دواتر رۆژی 15-6-2020 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە. فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان وەڵامی بڕیاری رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر و دەڵێت "بڕیارەکە پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی دەرچووە" و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاونابێتەوە.
رووداو
