بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی قەیوان: ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی ھەرێمی کوردستان دەکات
شێخ فاخر شێخ تەیب، بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیاکانی قەیوان ڕایگەیاند: "کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی دەست پێکردنی کارەکانیدا، کۆمەڵێک بەڵێنی لە ڕووی سیستەمی ئیداری و چاکسازیی ئابووریی وڵات داوە، وەك ئەو ھەنگاوانەی کە سەرۆکی حکوومەت ناویەتی بۆ چاکسازی کردن لە نێو ئەم کابینەیەدا، یەکێک لە چاکسازییەکانیش ئەوەیە کە خودی سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی پێكرد، ئێمە کەسمان بە شێوازێکی حزبی بیر ناکەینەوە و ھەموومان وابیر دەکەینەوە كە خزمەتکاری خەڵک بین و کارەکانمان بۆ بەژەوەندیی خەڵک بێت".
ڕوونیشی كردەوە، ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی کە ھاتنە بەردەمی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کە تەمەنی پێنج مانگ بوو، کەم نەبوون و ”وڵاتە گەورەكان و خاوەن ئابوورییە گەورەکانی بەچۆکدا ھێناوە، بۆیە پێویستە ئاسایی وەریبگرین ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بووبێتەوە، بەڵام بە ئیرادەیەكیئ بەھێزەوە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵی ئەوەی داوە ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببێتەوە و بۆ چارەسەرکردنی بیری لە کۆمەڵێک ئەڵتەرناتیڤ و بژارەی دیکە كردۆتەوە، تاوەكوو زاڵ بێت بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەدا“.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكانی قەیوان جەختی كردەوە: ”ئەوەی لە نیەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەخوێنرێتەوە، نیەتی چاکسازی و کارکردنی پێکەوەیی و بەھەمە چەشنکردنی ئابووریی کوردستان و دۆزینەوەی ھەلی کارە بۆ خەڵک، بەو مانایەی چۆن حکوومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە بتوانن و ھەماھەنگییان ھەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان“.
باسیشی لەوە كرد كە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەتوانێت بە پلانێکی تۆکمە و بە چاکسازیکردن لە بواری ئابووریی و داراییەکەی، ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بێتەوە و زاڵ بێت بەسەریدا، چونکە ”ئەوەی کە زۆر کاری كردۆتە سەر ئابووریی کوردستان، بریتییە لە پەتای کۆرۆنا، بێگومان ئەو پەتایە بۆتە ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوت و كێشەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ھەرچەندە پەتایەکی کاتییە، بەڵام ھۆکاری سەرەکی بووە بۆ تێکدان و کەمکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەر کاتێک ئەم پەتایە نەما، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەچێتەوە سەر سکەی خۆی و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی ھەرێمی کوردستان دەکات".
شێخ فاخر شێخ تەیب هەروەها رای گەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە توانایدا هەیە ئەم قایرانانە تێپەڕێنێت، گوتیشی: ”سروشتی خۆم واڕاھاتووم ھەمیشە گەشبین بووم و پێموایە، دوای نەمانی پەتای کۆرۆنا، دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان، دەبووژێتەوە و قەیرانەکان تێدەپەڕێنین".
باسنیوز
