تەندروستیی سۆران: گیانلەدەستدانی چوار کەس بەهۆی کۆرۆناوە ڕاست نییە

تەندروستیی سۆران: گیانلەدەستدانی چوار کەس بەهۆی کۆرۆناوە ڕاست نییە
سەبارەت بە دەنگۆی گیانلەدەستدانی چەند كەسێك بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قەزای سۆران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی سۆران روونكردنەوە دەدات و ئاشکرای دەکات ئەوە دەنگۆیە و دوورە لەڕاستییەوە.

لەمبارەوە كاروان جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵ و دەنگۆی گیانلەدەستدانی چوار كەس لە قەزای سۆران بەهۆی تووشبوون بە پەتای كۆرۆناوە ڕايگەیاند: "ئەوە دەنگۆیە و ڕاست نییە کە هەندێ لە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە".

گوتیشی: "باری تەندروستیی نەخۆشەكانی سۆران زۆر باشە و بەرادەیەك تەنیا یەك نەخۆشمان لە هەولێر باری تەندروستیی ناجیگیرە و ئۆكسجین وەردەگرێت، جگە لەوە سەرجەم نەخۆشەكانی دیکە باری تەندروستیان جێگیرە".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تاكوو ئێستا لە سنووری قەزای سۆران ١١٦ كەس و لە سنووری قەزای ڕواندزیش ٢٦ كەس هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان".

باسی لەوەش كرد: "لە سەرەتای پەیدابوونی پەتای كۆرۆناوە تاكوو ئێستا تەنیا دوو كەس لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە، كە یەكیكیان خەڵكی شارۆچكەی خەلیفان و ئەویتریشیان خەڵكی گوندی داروسەلام بووە".










باسنيوز


Top