پەکەکە كچێك دەكوژێت و باوكیشی ناچار دەكات پاكانەی بۆ بكات

پەکەکە كچێك دەكوژێت و باوكیشی ناچار دەكات پاكانەی بۆ بكات
پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە قەڵادزێ، باوکی ئەو كچە مێردمنداڵە دەڕفێنن كە پێش ماوەیەك دایكەكەی گوتبووی كچەكەی گەریلای پەكەكەیە و لە لایەن ئەو حزبەوە كوژراوە.

دوای ئەوەى هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەر بە پژاکی باڵی چەکداری (PKK)یە بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ناسنامەی گەریلایەکیان بە ناوی (ئەسرین محەمەدی) ناسراو بە (ئەویندار بێریڤان) ئاشکرا کرد، کە گوایە بە تۆپبارانی تورکیا گیانی لەدەست داوە، دایکى ئەسرین کە خەڵکی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاوی کردەوە کە کچەکەى لە لایەن پەكەكەوە لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ڕفێندراوە و دواتر كوژراوە.

لە دوای قسەكانی دایكی كچەكە، فشارێكی فراوان لەسەر پەکەکە و پژاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست بوو، دواتر لە میدیاکانی پەکەکەوە گرتەی ڤیدیۆیی باوکی کچەکە بڵاو کرایەوە کە دەڵێت: "ژنەکەم فەقیر و نەخۆشە و ئەو ڤیدیۆیەیان لێى گرتووە".

لە بەرامبەردا ماڵپەڕی (ئاڤاتودەى) كە تایبەتە بە پرسەكانی كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاشکرای کردووە، یەکێک لە خزمە نزیکەکانی حەسەن محەمەدی باوکی ئەسرین محەمەدى پێیانی راگەیاندووە، "حەسەن لە قەڵادزێ دەستفرۆشى دەکات، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا پەکەکە چوونەتە سەرى و بە زۆر بردوویانە بۆ پێنجوێن و لەوێ ئەم ڤیدیۆیەیان پێ تۆمار کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە دەبێت ئەو شتەى ئەوان بۆیان نووسیوە و فێرى دەکەن، بیڵێتەوە".

ئەسرین محەمەدى لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا كراوەتە چەكداری پەكەكە، وەك چۆن سیاسەتی حزبەكە بەو ئاراستەیە كە زۆرتر سوود لە منداڵان ببینێت و زۆربەی چەكدارەكانی پەكەكە، لە تەمەنی منداڵیدا بە هەر شێوەیەك بێت، بردراونەتە قەندیل و هێزی چەكدارییان لێ دروست كراوە، لە كاتێكدا لە ڕووى مرۆییەوە هیچ ڕێگەپێدراو نییە کە ڕێکخراوێکى سیاسى و چەکدار، منداڵان و مێرمنداڵانى خوار تەمەنى یاسایی لە چالاکییە سەربازییەکانیان بەشداری پێ بکەن.











باسنيوز



Top