شمشاڵژەنە بەنێوبانگەکەی کوردستان تووشی جەڵتەی مێشک بووە

شمشاڵژەنە بەنێوبانگەکەی کوردستان تووشی جەڵتەی مێشک بووە
سەفەت کانی بۆتی شمشاڵژەنی بەنێوبانگی باشووری کوردستان و دەڤەری بارزان بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.

سەفەت تۆفیق حەجی تەمەن 67 ساڵ، ناسراو بە سەفەت کانی بۆتی شمشاڵژەنی بەنێوبانگ دەڤەری بارزانە و دەڵێ "رۆژی 6ی تەممووزی ئەمساڵ لە دانیشتنێکدا لە گوندی کانی بۆت لەگەڵ خزم و دۆستانم باسی شۆڕش و پێشمەرگەمان دەکرد، زۆر دڵتەنگ بووم بە یادگارییە تاڵەکانی شۆڕش، شەهیدبوون و لەدەستدانی چەندین هاوڕێی و خزمان. دواتر لە بەرەبەیانی رۆژی 7ی تەممووز دەست و پێیەکی راستم لە جوڵە کەوت و دکتۆر لە نەخۆشخانەی میرگەسۆر پێیگوتم کە جەڵتەی مێشکت هەیە".

سەفەت تۆفیق ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر خەوێنراوە تەندروستی جێگیرە. 9 منداڵی هەن، چوار کوڕ و پێنج کچ. یەکێک لە کچەکانی لە ساڵی 1983 شەهیدکراوە.

لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە شمشاڵ دەژەنێت و ئەوکاتەی شوان بووە و بە تەنیا لە چیاکان بووە، حەزی لە هەر ئاوازێک بووایە دەیژەنی و خۆی فێری ژەنینی شمشاڵ دەکرد. داوی ماوەیەک خۆی لە شمشاڵژەنە بەنێوبانگەکانی ئەو دەڤەرە نزیککردووەتەوە و گوێی لە ئاوازەکانیان گرتووە.

سەفەت تۆفیق لە تەمەنی منداڵی و لە سەرەتای ساڵانی 1960 لەلای شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی لە دۆڵی هۆرێ شمشاڵی ژەنیوە.

ئەو شمشاڵژەنە کوردە لەدایکبووی ساڵی 1953ی گوندی کانی بۆتە لە ناوچەی شێروان مەزن، لە تەمەنی لاویەتییەوە چووەتە نێو هێزەکانی پێشمەرگە و بەشداری هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی کردووە. کچێکی و برایەکی شەهیدبوون.

لەم شمشاڵژەنە دەڵێت، پێشتر ئاوازی هەڵپەڕکێی زۆر ژەنیوە، بەڵام ئێستا هەموو ئاوازەکانی خەمگینن، ئەویش بەهۆی زۆری ئەو شۆڕشانەی لەم ناوچەیە هەڵگیرساون کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەڤەرەکە. بۆیە بەردەوام ئاوازی خەمگین و ئارامکەرەوە لێدەدات.
شمشاڵ ئامێرێکی میوزیکی فوودارە، لەکۆنەوە لەنێو کورددا بەکاردەهێنرێت، لە هەندێک ناوچەی کوردستان، بە ئامێرێکی پیرۆز دادەنرێت. کاتێک گوێت لە دەنگی دەبێت هەست بە ئارامییەکی قووڵ دەکەیت. ئاوازی کەمی هەڵپەڕکێکی هەیە، بەزۆری دەنگێکی ئارام و عاریفانەی هەیە. لە بۆنە ئایینی و تەسەوفییەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەت لە مەولوودەکاندا.

رووداو
Top