ژمارەی عەرەبی کەرکووک زیادیکردووە

ژمارەی عەرەبی کەرکووک زیادیکردووە
ژمارەی دانیشتووانی کەرکوک لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە جۆرێک لە نزیکەی 700 هەزار کەسەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس کە زۆرینەی زیادبوونەکە لەنێو عەرەبدایە.

ویسامی 35 ساڵان خەڵکی حەویجەیە، دوو هاوژینی هەیە و باوکی هەشت منداڵە. بەهۆی زۆریی ئەندامانی خێزانەکە و خراپی گوزەرانیانەوە، ئەو منداڵانە نە هیچ کەرەستەیەکی یاریکردنیان هەیە و نە دەتوانن چێژ لە ژیانی منداڵانەیان ببینن.

ویسام ئیبراهیم، عەرەبی خەڵکی حەویجە و دەڵێت، "من ژمارەی خێزانەکەم 11 کەسن. واتە هەشت منداڵم هەیە. گەورەترینیان تەمەنی نزیکەی 12ساڵانە. من دوو هاوژینم هەیە. خێزانی یەکەمم لە ساڵی2007 خواست، خێزانی دووەمم لە 2012. لە خێزانی یەکەمم شەش کچم هەیە، لە دووەمم دوو کوڕ".

زۆروەچەخستنەوە لای عەرەب وەک بەشێک لە فەرهەنگ چەسپێنراوە. لە چەند رۆژی رابردوودا هۆزەکانی حەویجە کۆبوونەوە و کۆمەڵێک بڕیاریان دەرکردووە تاوەکو ئەوانەی ژیانی هاوسەرگیری پێکدێنن کەمترین ئەرک و خەرجییان بکەوێتە سەر.

لای تورکمان وەچەخستنەوە لەژینگەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تاوەکو ژینگەیەکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان بە تێکڕایی قەبارەی ئەندامانی خێزان لەنێو تورکماندا پێنج کەسە.

نیهاد عوسمان، تورکمانێکی کەرکووکە و دەڵێت، "تورکمان زۆر حەزی لەمنداڵ نییە. حەز دەکەن دوو منداڵیان هەبێت فێریان بکەن باشترە لە شەش-حەوت منداڵ. من سێ منداڵم هەیە".

ئەم پرسە لای کورد لە باشووری کوردستان لە رابردوو و ئێستادا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە. کەموەچەخستنەوە لەنێو کورددا پەیوەستە بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لە لایەک و خراپیی گوزەرانی خێزانەکان بەتایبەت لەم ساڵانەی دواتردا لە لایەکی دیکەوە.

خێزانەکەی دەریا نموونەی دەیان خێزانی دیکەن، دارین و ڤانیا تەنیا دوو منداڵی ئەو خێزانەن و ئیدی سوپاسگوزاری خودان لەوەی پێی بەخشیون.

دەریا کەریم، مامۆستایەکی کوردی دانیشتووی کەرکووکە و دەڵێت، "خستنەوەی وەچە لە چاو باوباپیرانماندا کەمبووەتەوە. باپیرم زیاتری هەبوو. 10 منداڵی هەبوو. باوکم پێنج-شەشێکی هەبووە. وابیر دەکەمەوە ئەو منداڵە پێویستی به پەروەردە هەیە، پێویستی بە جلوبەرگ و کەلوپەلی دیکە هەیە. رۆژگارەکە وای لێهاتووە منداڵ هەموو شتێکی دەوێت".

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ئەم پرسە کراون، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە پارێزگای کەرکووک بەشێوەیەکی بەرچاو کەوتووەتە ناوچە عەرەبنشینەکان و حەویجەوە بەتایبەتی. قەبارەی خێزان لەو ناوچانە لەگەڵ ناوەندی شار و ناوچە کوردی و تورکمانییەکان زۆر جیاوازە.

ستار پاشا، لێکۆڵەر و پسپۆڕی ئامارە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تا ئەمڕۆ تاکی عەرەب وابیر دەکاتەوە منداڵ بە خێوی بکات، بەڵام کورد بیر لەوە دەکاتەوە منداڵ بە خێو بکات. قەبارەی خێزانی کورد بەتێکڕایی نزیکەی پێنج کەسە، بەڵام قەبارەی خێزانی عەرەب حەوت کەس تێدەپەڕێنێت. ئەمە بە فەرهەنگ و ئاستی رۆشنبیری و خوێندەوارییەوە پەیوەسته".

لە ساڵی 2003ـدا ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک نەدەگەیشتە 700 هەزار کەس، بەڵام ئێستا نزیکبووەتەوە لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس. جیا لەو خێراییەی گەشەی دانیشتووان، بەردەوامیی بەعەرەبکردن مەترسییەکی گەورەترە.
Top