شاخەوان عەبدوڵڵا: گفتوگۆکانى ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکووک قۆناغى باشی بڕیوە
گفتوگۆکانى نێوان پێکهاتەکانى کەرکووک بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکە و دروستکردنى هێزێکى تازە بۆ پاراستنى شارەکە بەردەوامە، ئەندامێکى لێژنەى ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکەش دەڵێ ئەگەر کەرکووکیانە بیربکەینەوە دەگەینە رێککەوتن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامێکى لیژنەى ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکووک راگەیاند: "بە هۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆناوە ماوەیەک بوو گفتوگۆکانى نێوان پێکهاتەکانى کەرکووک بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکە وەستابوون،بەڵام ئێستا دەستکراوە بە ئەنجامدانى کۆبوونەوەکان و لەم رۆژانە چەند جارێک کۆبوونەوەکان بەڕێوەچوون، بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکووک و دەرکردنى ئەو هێزەى کە لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە هاتوونەتە شارەکە".
راشیگەیاند: "هەر چوار پێکهاتەى شارەکە بە کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەوە بەشدارن لە گفتوگۆکان، کە بە چاودێرى و بەشدارى نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان و بەئاگادارى سەرکردایەتى سیاسى کورد و سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەرێوەدەچن، جگە لە نوێنەرى سەرۆکوەزیرانى عێراق، بۆ پێکهێنانى هێزێکى تازە لە پێکهاتەکانى شارەکە".
ئەندامەکەى لێژنەى ئاساییکردنەوەى کەرکووک ئەوەشى خستەڕوو" لێکتێگەیشتنى باش هەیە و گفتوگۆکان پێشکەوتنى باشیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام ڕای جیاوازیش هەیە ئەوەى ئێمە داواى دەکەین، راگرتنى باڵانس و جێبەجێکردنى یەکسانییە لە رێژەى دانیشتوانى شارەکە، پێویستە هەر پێکهاتەیەک بەپێى قەبارەى خۆى پشکى بەرکەوێت، کەچى لایەنەکانى عەرەب و تورکمان پێیان باشە 32% بۆ هەر پێکهات دابین بکرێت، ئەمەش زۆڵمە لەکورد دەکرێت چونکە رێژەى کورد زۆر لەوە زیاترە، بەڵام ئەگەر هەموولایەک کەرکووکیانە بیربکەینەوە و بەرژەوەندى شارەکەمان لەبەرچاوبێت دەگەینە رێککەوتن".
باسنيوز
