هاوڕێ مەنسوڕبەگ: نەوتی (هەکاری) هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیایە
پڕۆفیسۆر د. هاوڕێ مەنسوڕبەگ، دکتۆرا لە جیۆلۆجیای کانەکانی نەوت راگەیاند، لە ساڵی (2011)ەوە ئاگاداری هەوڵەکانی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییە کە لە ناوچەی ھەکاری لە باکووری کوردستان، بە پشتیوانیی حکوومەتی تورکیا خەریکی پشکنین و لێکۆڵینەوە و گەڕانن بە دوای نەوتدا.
باسیشی لەوە كرد كە کۆمپانیاکە ئومێدی لەسەر ئەوە ھەڵچنیوە، لێکچوونێکی زۆر لە نێوان جیۆلۆجیای ھەکاری و جیۆلۆجیای کێڵگە تازە دۆزراوەکانی تاوکێ و شێخان و ئەتروشی ھەرێمی کوردستان هەیە، دەربارەی ئەوەش سەرەداوی ورد خراونەتە بەردەستی حکوومەتی ئەنقەرە، بەڵام ”دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بە سەر ئەو پرۆسەیەدا، کۆمپانیای (Trillion Energy) وەک کۆمپانیای سەرکار، بە ئاشکرا باسی لەو چالاکییانەی خۆی کرد لەو بلۆکەدا و موژدەی هەبوونی نەوتی ڕاگەیاند”.
هاوڕێ مەنسوڕبەگ ئاماژەی بەوە كرد: ”دوای گەیشتنی داتا جیۆلۆجییەکانی ئەو بلۆکەی هەکاری بە حکوومەتی توركیا لە ساڵی ٢٠١١ و پەیدابوونی ئومێدی هەبوونی نەوت لەو ناوچەیەدا، ئەنقەرە نەرمی نواند و بیرۆکەی چارەسەری ئاشتییانە و دانوستاندنی لەگەڵ پەکەکە بردە قۆناغێکی کرداری و لە ساڵی ٢٠١٣دا ھەوڵەکان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە توركیا و باكووری كوردستان بە فەرمی چڕ کرانەوە. ئەوە بوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەکردایەتیی سیاسیی كوردیش ڕۆڵێكی بەرچاویان بینی لە دانانی بەردی بناغەی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیادا“.
بە بڕوای ئەو شارەزایەی بواری نەوت، دوای شکستھێنانی پرۆسەی ئاشتی، حکوومەتی تورکیا بیری لە چارەسەری سەربازی کردەوە، کە ڕەنگە ھۆکاری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییە، لێدانی پەکەکە بێت لە قوڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان و مەبەست لێی پچڕاندنی ھێڵەکانی پەیوەندی و لۆجیستی و سەربازی بێت بۆ ئەو ھێزانەی نزیکن لە سنووری تورکیا و دوورخستنەوەی پەکەکە بێت لە بلۆکی ھەکاری، چونکە ”بوونی نەوت بەبێ زامنکردنی دۆخێکی ئارامی درێژخایەنی پتەو و خۆڕاگر، ھیچ جەدوایەکی ئابووری نییە و ھیچ کۆمپانیایەک سەدان ملیۆن دۆلار لە ناوچەیەکی نائارام و ناسەقامگیردا ناخاتە ناو پرۆژەیەک”.
باسنیوز
