ته‌ندروستیی هه‌ولێر: به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌ى تووشبوان زیاتر بێت
د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر، له‌باره‌ى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ شه‌ممه 11/7/2020 له‌گه‌ڵ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا كۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێت، پاشان ژوورى ئۆپه‌راسیۆن بڕیاره نوێیه‌كان ده‌رده‌كات".
له‌باره‌ى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر گوتى: "ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر بڕیار له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ده‌دات، پێویسته له بڕیاره نوێیه‌كانیشدا ڕه‌چاوى بژێویی خه‌ڵك و پێداویستییه‌كانى خه‌ڵك بكرێت، له‌به‌رئه‌وه تا ئێستا نازانم بڕیاره‌كانى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر چۆن ده‌بێت، ئێمه‌ش پێشنیاره‌كانمان له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌خه‌ینه ڕوو".
د. دلۆڤان محه‌مه‌د ئه‌وه‌شى خسته ڕوو: "پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌یه‌كى زۆرى تووشبووى كۆرۆنا له سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر هه‌بن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى نیشانه‌یان نییه بۆ پشكنین سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌یان نه‌كردووه، بۆیه ژماره‌ى تووشبوان زۆر له‌وه زیاتره، كه ئێستا له‌به‌رده‌ست دایه، هۆكاری سه‌ره‌كیش بۆ زیادبوونى ژماره‌ى تووشبوان، جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كانه، كه گرنگترینیان به‌كارهێنانى ماسك و ده‌ستكێشه".
باسى له‌وه‌ش كرد: "تا ئێستا له هه‌ولێر 643 تووشبووى كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌كانى ڕزگارى و ئیماراتى و به‌شه ناوخۆیی 18ى شوباتن، نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى زیاتر بۆ ئه‌و تووشبوانه‌یه كه بارى ته‌ندروستییان ناجێگیره، له‌به‌رئه‌وه‌ى ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى بارى ته‌ندروستییان ناجێگیر بوو زیادى ده‌كرد، ئێمه ناچار بووین نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ولێرى فێركاریش بكه‌ینه‌وه و ئه‌وێش تووشبووى كۆرۆنای لێیه".
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕوونیشى كرده‌وه، ئێستا له هه‌ولێر 15 تووشبووى كۆرۆنا له‌ژێر چاودێریی چڕی پزیشكی دان، 40 تووشبووى دیكه‌ى كۆرۆناش له هه‌ولێر بارى ته‌ندروستییان ناجێگیره، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ڕاده‌یه‌ى بنێردرێنه به‌شى چاودێریی چڕ.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌ى تووشبوان زیاتر بێ".
باس‌نیوز
