وەزارەتی تەندروستی: پێویستە ئەو دەروێشانەی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان کەرەنتین بکرێن

وەزارەتی تەندروستی: پێویستە ئەو دەروێشانەی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان کەرەنتین بکرێن
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند ئەو دەروێشانەی کە دوێنێ لەڕێگەی مەرزی باشماخەوە ھاتوونەتە ناو ھەرێمی کوردستانەوە، پێویستە کەرەنتین بکرێن، بەپێچەوانەوە لەڕووی تەندروستییەوە مەترسی گەورە دروست دەکەن.

د.محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاند: "ئەو دەروێشانەی کە دوێنێ پێنجشەممە لەڕێگەی مەرزی باشماخی سنووری قەزای پێنجوێنەوە ھاتوونەتە ناو ھەرێمی کوردستانەوە، تەواو نازانستی و ناتەندروستییە، بەتایبەت کە پشکنینی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ نەکراوە و ئەوەش مەترسیدارە، بەتایبەت ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەموو جیھان تەشەنەی کردووە".

گوتیشی: "پێویستە ئەو دەروێشانە بۆ ماوەی دوو ھەفتە کەرەنتین بکرێن، بەپیچەوانەوە دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەناو ھاووڵاتییان و مەترسییەکەش لە دوو ھەفتەی داھاتوودا دەردەکەوێت و ئەوکات چارەسەرکردنەکەی قورستردەبێت".

بەمەبەستی بەشداریکردن لە پرسە و بەخاکسپاردنی شێخ محەمەد کەسنەزانی، دوێنێ پێنجشەممە ژمارەیەکی زۆر لە دەروێشی تەریقەتی قادری بە مەرزی باشماخدا بەبێ گوێدانە ڕێنماییە تەندروستی و ڕێکارە ئەمنییەکان ھاتنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە.



باسنيوز
Top