تەندروستیی ڕاپەڕین: نەخۆشخانە و تاقیگە ناحکوومییەکان بۆیان نییە پشکنینی کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان بکەن
گوتەبێژی تەندروستیی ڕاپەڕین ڕای گەیاند بۆ دەستنیشانکردنی تووشبوونی هاووڵاتیان بە کۆرۆنا نەخۆشخان و تاقیگە ئەھلییەکان بۆیان نییە پشکنین بۆ ھاووڵاتییان ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.
تەھا محەمەد، گوتەبێژی تەندروستیی ڕاپەڕین ڕاگەیاند: "لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ( 19 covid) بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی پشکنینی ھاووڵاتیان بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆن، لەلایەن سەنتەرە حکوومیەکان و لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت".
گوتیشی: "بەو پێیە تاقیگە گشتییە تایبەتمەندیەکانی سەر بە وەزارەت بەردەوام دەبن لە گەڕان و پشکنین و دەستنیشانکردنی تووشبوان و گومانلێکراو و بەرکەوتوان و بە ھیچ شێوەیەک نابێت ئەو جۆرە پشکنینە لە نەخۆشخانە و تاقیگە و دەزگا تەندروستییە ناحکومییەکان ئەنجام بدرێن".
باسی لەوەش کرد: "لە کاتی پێویست و ئەنجامدانی ئەو پشکنینە لە سەنتەر و نەخۆشخانە ئەھلییەکان پێویستە وەزارەتی تەندروستی ڕەزامەند بێت، بە پێچەوانەوە ھەر نەخۆشخانەو تاقیگە و دەزگایەکی ناحکومی ئەو کارە بکات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە".
باسنيوز
