وەزارەتی تەندروستی: هاتنی ئەو دەروێشانە بەبێ پشکنین، پاش دوو هەفتە کارەسات دروستدەکات

وەزارەتی تەندروستی: هاتنی ئەو دەروێشانە بەبێ پشکنین، پاش دوو هەفتە کارەسات دروستدەکات
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر رێکاری تەندروستی و خۆپارێزی بۆ هاتنی ئەو دەروێشانە لە خاکی ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەگیرێتەبەر، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا رەنگە کارەسات رووبدات.

د. محەممەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، دوای هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی دەروێشانی تەریقەتی قادری لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ پشکنین و پاسپۆرت، دەروازەی سنووری باشماخ و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئاگادارکراوەتەوە لە ئەگەری "روودانی کارەساتی تەندروستی لە سلێمانی".

سەبارەت بەو رێنماییانەی کە پێویستە دوای هاتنی ئەو دەروێشانە بگیرێنەبەر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی "دەبێت پشکنینی کۆرۆنایان بۆ بکرێت و رێگە لە گردبوونەوەیان بگیرێت، ئەگەر ئەو رێکارانە جێبەجێ نەکرێن، رەنگە دوای دوو هەفتەی دیکە لە سلێمانی کارەسات رووبدات، چونکە گوماندەکرێت کە ژمارەیەک لەو دەروێشانە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابن".

دوای گەیشتنی هەزاران دەروێش و موریدی شێخ محەممەدی کەسنەزانی لە دەروازەی سنووری باشماخەوە بۆ هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران فەرمانی داخستنی دەروازەکەی بۆ ماوەی 24 کاژێر دەرکرد و هەموو جۆرە هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی راگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەزاران دەروێش لە سنووری باشماخەوە بەبێ ئەوەی پشکنینی کۆرۆنایان بۆ بکرێت، هاتنە هەرێمی کوردستان، یەکێک لە دەروێشەکان دەڵێت، دەروێشی شێخ محەممەدی کەسنەزانین و لە مەریوانەوە هاتوون بۆ بەشداریکردن لە بەخاکسپاردنی رێبەرەکەیاندا.

لیوا مەریوان شێخ کەمال، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی باشماخ گوتی "جگە لەوەی ئێستا قەدەخەی هاتووچۆ هەیە بەهۆی رێكارەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو دەروێشانە هیچ بەڵگەیەكی گەشتكردنیان پێنەبووە، دەبوو لە دیوی ئێرانەوە رێگەیان لێ بگیرایە ‌و نەهێڵرایە بێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان".







رووداو
Top