بەرێوەبەری پەروەردەی ڕواندز: ئەمساڵ قوتابییە دەرەكییەكان لە ناوچەكانی خۆیان تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەن

بەرێوەبەری پەروەردەی ڕواندز: ئەمساڵ قوتابییە دەرەكییەكان لە ناوچەكانی خۆیان تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەن
جیا لە ساڵانی ڕابردوو، بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ سەرجەم قوتابییانی دەرەكی لە قۆناغی 12ی ئامادەیی لە ناوچەكانی خۆیان تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەن.

لەمبارەیەوە مامۆستا چنوور مەزهەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز، ڕاى گه‌یاند: "ساڵانی ڕابردوو قوتابییانی دەرەكی لە قۆناغی 12ى ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان ناچار بوون ڕۆژانە سەردانی شاری هەولێر بكەن، بەڵام ئەمساڵ بۆ یەكەمجارە بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردە سەرجەم قوتابییانی دەرەكی لەناوچەكانی خۆیان تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەن".

گوتیشى: "لە سنووری پەروەردەی ڕواندز 625 قوتابی كە بەسەر 12 هۆڵ دابەش كراون، بەشداریی تاقیكردنەوەكان دەكەن، لەنێویاندا 56 قوتابی دەرەكیمان هەیە و لەگەڵ قوتابییانی دیكه‌ تاقیكردنەوەكانیان ئەنجام دەدەن".

بەرێوەبەری پەروەردەی ڕواندز سەبارەت بە ڕێكارە پەروەردەیی و تەندروستییەكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوەكاندا گوتى: "ساڵانە بەر لە دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان ڕێنوێنییه‌ پەروەردەییەكانمان پێدەگات و ئێمەش بەپێی ئەو ڕێنوێنییانه‌ ئامادەكاری دەكەین و تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەین، بەڵام بەهۆی بوونی ئەو پەتایەوە ئەمساڵ جیاوازە، چونكە دەبێ هاوكات لەگەڵ ڕێكارە پەروەردەییەكان، بۆ سەلامەتیی مامۆستایان و قوتابییان، ڕێكارە تەندروستییەكانیش جێبەجێ بكرێن، هەر چەندە لە سنووری پەروەردەكەمان لەهەندێك قوتابخانە بەهۆی بچووكیی شوێنەكە نەمانتوانیوە بەشێوەیەكی سەد لە سەد جێبەجێ بكەین، بەڵام تا ڕادەیەكی باشیش توانیومانه‌ ئامادەكاریی باش بكەین".

له‌باره‌ى چۆنیەتیی گەیشتنی پرسیارەكان لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر بۆ پەروەردەكانی دیكه‌، بەڕێوەبەری پەروەردەى ڕواندز ڕوونى كرده‌وه‌: "لە ساڵی ڕابردووش داوامان كردبوو كە وەك ئاسانكارییەك لە سنووری هەر چوار پەروەردەی قەزاكانی سۆران و ڕواندز و چۆمان و مێرگەسۆر، لە شاری سۆران بنكەیەك دابنرێت و پێشوەخت پرسیارەكان بێنە ئەو بنكەیە، چونكە دەبێ ڕۆژانە بۆ وەرگرتنی پرسیارەكان بێینە هەولێر و بگەرێینەوە، ئەمساڵیش بەهەمان شێوەی ساڵانی ڕابردووە دەبێ ئەو لێژنەیەی لە پەروەردەكانەوە دانراوە كە پێكدێت لە بەڕێوەبەری پەروەردە و دوو سەرپەرشتیار لەگەڵ پۆلیس دەبێ ڕۆژانی تاقیكردنەوە بێینە هەولێر و بگەڕێنەوە، بەشێوەیەك دامانناوە كە هەر ڕۆژە و لێژنەی یەكێك لەو چوار پەروەردەیە پرسیارەكان وەربگرێت، دواتر لە سۆران دابەشی سەر پەروەردەكانی دیكه‌ بكرێت، بەڵام ئەوەیان میكانیزمێكی گونجاو نییە، چونكە زۆر هیلاك دەبین و لەهەر حاڵەتێكی نەخوازراو تاقیكردنەوەكان دوا دەكەون".











باسنیوز




Top