ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگاریی هه‌ولێره‌وه‌

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگاریی هه‌ولێره‌وه‌
نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگاریی هه‌ولێر، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتییان بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، ئه‌و تووشبوانه‌ى په‌تاى كۆرۆنا كه‌ پێویستیان به‌ ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستكرده‌، یان ته‌مه‌نیان زۆره‌ و بارى ته‌ندروستییان ناجێگیره‌، ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى ده‌كرێن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9/7/2020، نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگاریی هه‌ولێر، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "هاووڵاتییان دەپرسن بۆ تووشبوانى کۆرۆنا زیاتر لە نەخۆشخانەی ڕزگاری دەمرن؟ ئایا هۆکار چییه‌؟ کەمتەرخەمیی پزیشکان و کارمەندانە؟ یاخود کەمی دەرمانە؟ ئێمە هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە بە هەموو توانامانەوە خزمەتی نەخۆشان دەکەین و تا ئێستاش و کارەکان زۆر باش بەڕێوە دەچن".

باس له‌وه‌ش كراوه‌: "بەڵام سەبارەت بەم پرسیارانە وەڵامەکەی ئەمەیە ئەو کەسانەی کە تووشی پەتای کۆرۆنا دەبن، ئەگەر تەندروست (stable) بن، واتە پێویستیان بە ئامێری ئۆکسجین نەبێت، ئەوا دەنێردرێن بۆ بەشە ناوخۆیی 18ی شوبات، یان نەخۆشخانەی ئیماڕاتی، بۆیە تا ئێستا حاڵەتی مردن لەوێ تۆمار نەکراوە".

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "بە پێچەوانەوە ئەو نەخۆشانەی حاڵەتی تەنگەنەفەسییان هەیە و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە، یاخود تەمەنیان زۆرە، دەنێردرێن بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری، کە ئەمەش هۆکارێکە کە تەنیا لە نەخۆشخانەی ڕزگارى حاڵەتی مردن تۆمار ده‌کرێت".













باسنيوز


Top