وەزارەتی تەندروستی: پێشوازی لە بەرهەمهێنانی دەرمانی "فابیڤیر" لە کوردستان دەکەین

 وەزارەتی تەندروستی: پێشوازی لە بەرهەمهێنانی دەرمانی
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە بەرهەمهێنانی دەرمانی "Favipiravir" لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی ئاوامێدیکا دەکەن کە لە ئێستادا وەک یەکێک لە دەرمانەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندی نەخۆشی کۆرۆنا و نیشانەکانی و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن، سودی لێوەردەگیرێت.

بە یەكێك لە دەرمانەکانی بواری چارەسەری توشبون بە کۆرۆنا دادەنرێت

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە درێژەی هەوڵ و چالاکیەکانی جیهانی بۆ دۆزینەوە و دروستکردنی دەرمانی چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 بە خۆشحاڵیەوە لە هەرێمی کوردستان هەمان دەرمانی دژەڤایرۆسی (Favipiravir) بە ناوی (فابیڤیر) کە لەلایەن هەندێك لە وڵاتی وەکو ڕوسیا و یابان لە کاتی ئێستادا بەکاردێت، وە لە ڕێنماییەکانی چارەسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەكێك لە دەرمانەکانی بواری چارەسەری ئەو نەخۆشیە دادەنرێت.

ئامانجی دەرمانەکە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندی نەخۆشیەکە و نیشانەکانی و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردنە

ئەوەش هاتوە، دەرمانی دژەڤایرۆسی (Favipiravir) لەکاتی ئێستا لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی ئاوامێدیکا (Awamedica) لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندراوە بە هاوکاری و هەماهەنگی سەنتەرە پسپۆڕیەکانی جیهانی و دەستکراوە بە دابەشکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندی نەخۆشیەکە و نیشانەکانی و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن.

کەرتی تایبەت هاندەدرێت لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هاوڵاتیان

ئەوەش خراوەتەڕو، پێشوازی لەم بەرهەمە خۆماڵیە دەکەن وێرای دەستخۆشی و ستایشی کومپانیای ناوبراو، پاڵپشتی و پشتگیری دەردەبڕن کە لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دەرمانە لە هەرێمی کوردستان کەوتە بواری بەرهەمهێنان وە لە ژێر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خۆماڵی و کەرتی تایبەت هاندەدرێت لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هاوڵاتیان بەتایبەتی بۆ دەربازبون لە قەیرانی نەخۆشی کۆڕۆنا.

هاوڵاتیان پێویستە زۆر بە وریایی ئاگاداری خۆیان و پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن

وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشکردوە، لەم دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە کە هاوڵاتیان پێویستە زۆر بە وریایی ئاگاداری خۆیان و پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن بۆ دوربون لە ترسناکی توشبونی ئەم نەخۆشیە و ڕێکاری تاکپارێزی و خۆپارێزی گرنگترین ڕێکارە کە پێویستە هەمو هاوڵاتیان پێوەی پابەندبن.











خەندان
Top