لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەخێوکردنی سەگ و پشیلە زیادیکردووە

لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەخێوکردنی سەگ و پشیلە زیادیکردووە
کۆرۆنا و مانەوە لە ماڵ خواستی زۆری لەسەر کڕین و بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی دروستکردووە، ئێستا زیاتر لە 15 شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵی و پێداویستییەکانیان لە هەولێر هەن، سەگ و پشیلە لەم شوێنانە گەرمترین بازاڕیان هەیە.

شیلان بەهادین بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و مانەوە لە ماڵەوە پشیلەیەکی جۆری سکۆتی بەریتانیی بە 200 دۆلار کڕیوە کە تەمەنی نزیکەی سێ مانگە، ناوی لێناوە کاتۆ، دەڵێت "دڵخۆشین لەگەڵی، لەلایەنی رۆحی زۆر دڵخۆشین؛ یاریکردن لەگەڵی زۆر خۆشە، ئەمانخاتە پێکەنین و زۆر کۆمیدیە".

سەرهەنگ عومەر، خاوەن پێشانگەی ڤان هۆڵەند دەڵێت، لە ماوەی کەرەنتینەدا زیاتر لە 700 ئاژەڵ کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە، ئاژەڵەکانی وەکو شێر، پڵنگ و ورچ و ماریش لەلایان دەستدەکەون، شێر نرخی لە چوار هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و ماریش لە دوو هەزار دۆلارەوە.

بەشار ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی ڤێتەرنەری 15 ساڵ ئەزموونی هەیە لە چارەسەری ئاژەڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە پشیلە و سەگی خۆماڵی، بەتایبەت سەگی پشدەری، لە هەرێـمی کوردستان زۆرترین خواستی بیانییەکانیان لەسەرە، کەچی خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر سەگ و پشیلەی بیانی دەکڕن.

تێچووی کڕین و بەخێوکردنی پشیلەکان بەم جۆرەیە:
- کڕین 100 تاوەکو 1500 دۆلار
- ڤاکسین 30 هەزار دینار و ساڵی جارێکە
- خواردن و خۆڵی پیساییکردن 25 هەزار دینار بۆ مانگێک
- شوێنی مانەوە و یاری 50 هەزار دینار بۆ ساڵێک
- نەشتەرگەریی خەساندن 80 هەزار دینار

تێچووی کڕین و بەخێوکردنی سەگەکان بەم جۆرەیە:
- کڕین 200 تاوەکو 15 هەزار دۆلار
- ڤاکسین 25 هەزار دینار و ساڵی جارێکە
- خواردن و خۆڵی پیساییکردن 50 هەزار دینار بۆ هەر مانگێک
- شوێنی مانەوە و یاری 150 هەزار دینار بۆ ساڵێک
- نەشتەرگەریی خەساندن 130 هەزار دینار

شەقامەکان پڕن لە سەگی بەرەڵا و بێلانە، زۆر جار ئەم سەگانە دەکوژرێن یان ئۆتۆمبێل لێیان دەدات؛ بەڵام زۆر بە کەمی خەڵک ئەم سەگانە بە ماڵی دەکەن و بەخێویان دەکەن.








رووداو
Top