لە کەلار هەڵمەتێكی چڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا دەستی پێ كرد

لە کەلار هەڵمەتێكی چڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا دەستی پێ كرد
لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ناوەندی باڵای گەرمیانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، بە هاوكاریی ئۆفیسی گەرمیانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێكی چڕیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا دەست پێ كرد، هەڵمەتەكەش بریتییە لە دابەشكردنی دەماک ودەستكێش و بڵاوكردنەوەی رێنمایی تەندروستی.

ئارام عەدنان، بەرپرسی ناوەندی باڵای یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە کەلار، ئەمڕۆ چوارشەممە 8/7/2020، رایگەیاند: "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (كۆڤید19) و دروستبوونی بارودۆخێكی ناجێگیری تەندروستی، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، وەك ناوەندی باڵای گەرمیانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ناوەندەكانی لاوان لە كەلار و كفری و رزگاری، بە مەبەستی یارمەتی و هۆشیاركردنی هاووڵاتیان و چۆنیەتیی خۆپاراستنیان لە پەتای كۆرۆنا، دەستمان کرد بە دابەشكردنی دەستکێش و دەمامك و بڵاوكردنەوەی ڕێنماییە تەندروستییەكان بە پرۆشەر، بەسەر كاسبكاران و دانیشتوانی شاری كەلاردا."

گوتیشی: "بۆ سەرخستنی هەڵمەتەكەشمان هەر یەك لە ئۆفیسی گەرمیانی دەزگای خێرخواز بارزانی و قایمقامیەتی كەلار و هێزی خەباتی گەرمیان و تەندروستیی گەرمیان و هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە ناوچەكە هەماهەنگ بوون لەگەڵمان."











باسنیوز



Top