وەزارەتی تەندروستی: بانگەشەکردن بۆ دەرمانی گیایی بۆ چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا بنەمای زانستی نییە
د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) بڕیاری دابینکردنی کۆمەڵێک کەلوپەلی خۆپارێزی و پێداویستیی پشکنین و ژمارەیەک ئامێری ئۆکسجینی پێداوین و بڕیارە دوای تەواوبوونی ڕێککارەکان لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەو پێداویستییانە بگەنە ھەرێمی کوردستان".
لەبارەی بەکارھێنانی ھەندێ دەرمانی گیایی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە وەک دەرمانی چارەسەری پەتای کۆرۆنا بەکار دەھێندرێن و بانگەشەیان بۆ دەکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "گیادەرمانییەکان لەڕووی پزیشکی و تەندروستی بۆ چارەسەری پەتای کۆرۆنا ھیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و مامەڵەکردن پێیانەوە قەدەغەیە و داواش لە ھاووڵاتییان دەکەین بۆ ئەو مەبەستە بەکاریان نەھێنن".
باسنیوز
