دەرمانی چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا لە كوردستان بەرهەم هێنرا

دەرمانی چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا لە كوردستان بەرهەم هێنرا
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق 64 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیای ئاوامێدیکاش رایدەگەیێنێت، یەکەم بڕی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیریان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق رەوانە کردووە. تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دیارنییە کەی عێراق بەشی هەرێمی کوردستان لەو دەرمانە دەنێرێت.

کۆمپانیای ئاوامێدیکا کار لەبواری بەرهەمهێنانی دەرمان دەکات، د. شاخەوان زاهیر، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیاکە راگەیاند، دوای ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر (کە ناوە زانستییەکەی "Favipiravir"ـە)ـیان بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەرهەمهێناوە، "یەکەم بڕی ئەو دەرمانەمان رەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کردووە تاوەکو دابەشی سەرجەم ناوەندەکانی چارەسەری کۆرۆنای پێ بکات".

بە گوتەی د. شاخەوان زاهیر، دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر لە حەب پێکهاتووە و هەر پاکەتێکی 40 دەنکی لەنێو دایە، دوای ئەوەی ئەو دەرمانە بۆ بەرکەوتووانی کۆرۆنا لە جیهان بەکارهێنراوە، عێراق ماوەی 15 رۆژە ئەو دەرمانەی لە پرۆتۆکۆلی خۆی جێکردووەتەوە. "لەگەڵ کۆمپانیای Glenmarkـی هیندستانی بە نرخێکی هەرزان ئەو حەبەمان بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق دابینکرد. هێندەی ئاگادارین وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش لەوبەشەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی بەشی دەبێت".

د. محەممەد قادر خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش راگەیاند، هەندێک دەرمان هەن دەستکەوتنیان ئاستەمە یان نرخەکانیان گرانە، ئەو دەرمانانە زیاتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دابین دەکرێن و بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، "دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا کە یەکەم وەجبەی رەوانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کراوە، دیارنییە کەی بەشە دەرمانەکەی هەرێمی کوردستانمان بەدەست دەگات".

کۆمپانیای ئاوامێدیکا لە ساڵی 2006ـەوە دامەزاراوە و لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە بەرهەهێنانی دەرمان کردووە. بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیای دەرمانی ئاوامێدیکا دەڵێت، نزیکەی چوار مانگە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن و لەکۆتاییدا توانیویانە دەرمانەکە بەرهەمبهێنن.

کۆمپانیای ئاوا میدیکا دەرمانەکەی بەشێوازی "under license" دروستکردووە، ئەوەش واتە؛ تەکنەلۆژیاکەیان لە کۆمپانیایەکی دیکە وەرگرتووە و دەرمانەکەیان دروستکردووە. د. شاخەوان کوالێتی دەرمانەکەیان بە باشتر لە کوالێتیی دەرمانە رووسییەکە دەزانێت و دەڵێت "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی Glenmarkـی هیندییەوە کرد و ماددە خامەکانیان بۆ ناردین، ئێمەش دەستمان بە بەرهەمهێنان کرد".

لەبارەی نرخەکەی، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و پەرەپێدان لە کۆمپانیای ئاوامێدیکا دەڵێت، ئەو نرخەی ئەوان دایانناوە بۆ دەرمانەکە بە رێژەی نزیکەی 40% لە نرخی دەرمانی کۆمپانیا رووسییەکە هەرزانترە، "ئەمەش وای لە حکومەتی عێراقی کرد گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیا رووسییەکە هەڵبووەشێنێتەوە و دەرمانەکە لە ئێمە بکڕێت. جیاوازیی نێوان هەردوو گرێبەستەکە بە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دەرمانی فابیڤیر ئەگەر لەرووی کوالێتییەوە کێشەی نەبێت و لەکوالێتیی کۆنترۆڵ دەرچوو، "هەرکات عێراق بەشی هەرێمی کوردستانی نارد، دەتوانین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بەکاری بهێنین".








رووداو
Top