تەندروستیی جیهانی چوار تۆن پێداویستیی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

تەندروستیی جیهانی چوار تۆن پێداویستیی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی - WHO چوار تۆن پێداویستی و کەرەستەی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "هەموو رێکارەکان بۆ گەیشتنی پێداویستییەکان تەواوبوون و هاوکارییەکە لەم هەفتەیەدا دەگات".

د. محەممەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "کەرەستە و پێداویستییەکان لە کەلوپەلی پشکنین، ژمارەیەک کیتی پشکنین، ئۆکسجین و کەلوپەلی پزیشکیی کۆرۆنا پێکهاتوون".

لە رۆژی 19ی نیسانی2020، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی حەوت بارهەڵگر پێداویستیی پزیشکی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای پێشکێشی هەرێمی کوردستان کرد.

رۆژی 2ی تەممووزی 2020یش د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە بەرپرسی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە کرد و داوای گەیاندنی هاوکارییەکانی رێکخراوەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا حەوت هەزار و 639 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 789 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 263 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.







رووداو
Top