وەزارەتی دارایی لە بارەی مووچەخۆران دوو فۆرم ئاراستەی وەزارەتەكان دەكات
لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنماییەکی تازەی دەركردووە کە تایبەتە بەو مەرتەبە و پلانەی بە نایاسایی دراونەتە فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
بەپێی زانیارییەكان، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییە دوو فۆڕم دراون بە وەزارەت و فەرمانگەکان. فۆڕمی یەكەمیان تایبەتە بە زانیاری لە بارەی مووچەخۆران. لەم فۆڕمەدا دەبێت ئەو زانیارییانەی فەرمانبەر پڕبکرێتەوە (ناو، لە دایکبوون، بڕوانامە، دامەزراندن، دەستبەکاربوون، پلە و مەرتەبە و ناونیشان، مووچەی بنەڕەتیی ئێستا، ئەو بڕوانامانەی پاش دامەزراندن بە دەستی هێناون).
هەر لەو فۆڕمە دەبێت زانیاری هەبێت لەسەر وازهێنان، یان گەڕانەوە یان سزای فەرمانبەر، ئەم زانیارییانەش: (ڕێز و سوپاس، مۆڵەتی بێ مووچە، خزمەتی فعلی، خزمەتی بۆ ئەژمارکراوی یاسایی لەگەڵ خزمەتی ئەژمارکراوی بەدەر لە یاسا).
لە فۆڕمی دووەمدا كە وەزارەتی دارایی ئاراستەی فەرمانگەكانی كردووە، داوای زانیاریی ورد کراوە لەسەر گۆڕانکاری لە ڕاستکردنەوەی پلە و ناونیشان. لەو فۆڕمەدا داوای کۆمەڵێك زانیاری کراوە لەبارەی (ناو، دامەزراندن، دەست بەکاربوون، پلە، ناونیشان، مۆڵەت، خزمەتی ئەژمارکراو لەگەڵ ئەو پلە و مەرتەبانەی فەرمانبەرەكە وەریگرتوون).
وەزارەتی دارایی لە 29ی 6ی ٢٠٢٠ ڕێنمایی ژمارە 12ی بۆ ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەرکردووە بۆ بواری پلە و خزمەتی هەژمارکراوی مووچەخۆر.
بەپێی بڕگەکانی ڕێنماییەکە، هەر پلەیەک لەگەڵ خزمەت و تەمەن و بڕوانامەی فەرمانبەر نەگونجێت، ئەوە هەڵدەوەشێندرێتەوە.
هەروەها بۆ خزمەتی پێشمەرگایەتی و ئاوارەیی و خزمەتەکانی دیكە، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی فەرمانبەران دەکرێت. ئاماژەش بەوە كراوە، هەر خزمەتێک خرابێتە سەر خزمەتی فەرمانبەر و پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ، هەڵدەوەشێندرێتەوە، ئەگەر تەمەنی ئەو کەسە لە کاتی ئەژماری خزمەتەکە کەمتر لە 16 ساڵ بێت. لە بڕگەیەکی دیكەدا ئاماژه بەوەکراوە، هەر پلە و ناونیشانێکی زیادە و نایاسایی درابێت لەو کاتەوە بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێ کە بە فەرمانبەرەكە دراوە.
باسنيوز
