هۆشیار زێباری لەسەر كوژرانی هیشام هاشمی هاتە دەنگ
لەمبارەیەوە زێباری لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی "كوشتنی خوالێخۆشبوو هیشام هاشمی چاودێری سیاسیی بە توانا و بێلایەنی عێراقی، تووشی شۆكی كردین، ئەمە شەرمەزارییەكی گەورەیە بە رووخساری دەسەڵاتی عێراقی و دەزگا ئاسایشیەكانی ئەم وڵاتە، كە ناتوانن پارێزگاری لە گیانی راگەیاندنكاران و رای ئازاد و رادەربڕین بكەن".
زێباری دەشڵێ "تا كەی كوشتنی قێزەونی تایفی بەردەوام دەبێ؟ پێویستە لەسەر حكوومەت دەمودەست لێكۆڵینەوە بكات و تاوانباران و بكوژان رادەستی دادگایەكی بێلایەن و دیودەر بكات".
جێی باسە ئەمشەو هیشام هاشمی چاودێری سیاسیی ناسراوی عێراق و پسپۆری ئاسایشی لەناو شاری بەغدا تیرۆر كرا.
سەرچاوەیەكی ئاسایشی عێراقی ئاشكرای كرد هاشمی لەناو بەغدا لەلایەن چەكداری نەناسراوەوە بە گوللە لە سەری دراوە و لەگەڵ گەیشتنی بە نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس، گیانی لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییەكان، چەكدارەكان بە دوو ماتۆرسیكلەوە لە گەڕەكی زەیونەی بەغدا لەبەردەم ماڵی خۆیدا، هاشمییان تیرۆر كردووە.
هاشمی كە پسپۆری ئاسایشی و چاودێری سیاسی بوو، ئەمڕۆ لە تەمەنی 47 ساڵیدا تیرۆر كرا، بەر لە ماوەیەكیش ڕەخنەی لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و كردنە ئامانجی ناوچەی سەوزی بەغدا گرتبوو لە ڕێگەی ئەو مووشەك و هاوەنانەی شەوانە لە شوێنی نەزاندراوەوە ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەكرێن.
باسنيوز
