پۆلیسی هەولێر: شەش کەس دەستگیرکران کە ویستوویانە دزیی لە پیاوێک بکەن و بیکوژن

پۆلیسی هەولێر: شەش کەس دەستگیرکران کە ویستوویانە دزیی لە پیاوێک بکەن و بیکوژن
پۆلیسی هەولێر لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، شەش کەسیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دزین و کوشتنی کەسێک لە گوندی لاجان لە رێگەی گوێڕ دەستگیرکردوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 06-07-2020، پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیێنراوێکی لەبارەی ئەو شەش کەسە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "دوای هەبوونی زانیاریی ورد كە شەش كەس بە ناوەكانی (ئ.ئ.س)، (هـ.ح.ع) ، (م.ئ.م)، (م.م. ر)، (ت.رم) و (ش.ر.م) رێككەوتبوون كە لە گوندی لاجان لەسەر رێگەی گوێڕ لە ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتانەسەر بە چەک، هەڵبكوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییەك بە ناوی (ف.ا.ا) و ویستبوویان پارەی لێ بدزن و دواتریش بیكوژن".

پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات کە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە چەند تیمێک لە هێزەكانی پۆلیس پێكهێنرا و "توانرا بە کەمتر لە شەش کاژێر سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیربكرێن".

لەکاتی دەستگیرکردنەکەدا وەک پۆلیس ئاماژەی پێداوە، دەستگیراوە بەسەر "چەکێکی کڵاشینکۆڤ و دەمانچەیەک و کۆمەڵێک ماددەی بێهۆشکەر و کەلەپچە و لەزگەی دەمبەستن بۆ ئەوەی خانەوادەکەی پێ بێهۆش بکەن" لەگەڵ چەندین کەلوپەلی دیکەدا، کە ویستویانە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە بەکاریبهێنن.

تۆمەتباران لای پۆلیس دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بەپێی ماددە 55 لە یاسای سزادان بەندکراون.







رووداو
Top