تەندروستیی سلێمانی: 214 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندان
د.یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی داتایەکی نوێی لەبارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی داتاکان کە لە نەخۆشخانەکانی وەرگرتووە، تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە لە نەخۆشخانەکانی شەهید دکتۆر هێمن، شەهید ئاسۆ، شەهید تاهیر عەلی والی بەگ و ئاسا 233 کەس داخڵ بوون، لەو ژمارەیە 19 کەسیان لە نەخۆشخانەکان دەرچوون و 214 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە.
هەروەها لەو ژمارەیە 29 کەسیان لە یەکەی چاودێری وردن و 157 کەسیان لەسەر ئۆکسجینن و 4 کەسیشیان لەسەر ئامێری هەناسەدان دان، هەروەها 13 کەسیان لەسەر (سیپاپ)ن کە ئامێرێکە تایبەتە بەو نەخۆشانەی کە هەناسەتووندیان هەیە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتووتە 7 هەزار و 315 کەس. لەو ژمارەیە 2 هەزار و 692 کەس چاکبوونەتەوە و 252 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 4 هەزار و 371 کەس ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە.
تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 5 هەزار و 294 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون. لەو ژمارەیە هەزار و 366 کەس چاکبوونەتەوە و 217 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
رووداو
