هەرێم و بەغدا لەبارەی دۆسیەی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان رێککەوتن

 هەرێم و بەغدا لەبارەی دۆسیەی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان رێککەوتن

وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە دواین کۆبونەوەیان لەبارەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دۆسیەی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ هێزی پاسەوانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، هەردولاش رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی چوار سەنتەری هەماهەنگی و کاری هابەش لەڕوی سەربازییەوە.

چوار سەنتەری هەماهەنگی سەربازی هاوبەش لە کەرکوک، نەینەوا، دیالە و مەخمور دروستدەکرێن

وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە لە پەڕەی فەرمی هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەکردوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر دامەزراندنی چوار سەنتەری هەماهەنگی سەربازی هاوبەش لە کەرکوک، نەینەوا، دیالە و مەخمور رێککەوتون.

تائێستا میکانیزمی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دیارینەکراوە

لەبارە شێوازی کارکردنی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش ئاماژە بەوەکراوە، هەرچەندە ئامانج لە پێکهێنانی ژوری هەماهەنگی بۆ زیادکردنی کاری پێکەوەیی و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە لە ئێستادا هەیە، بەڵام تائێستا میکانیزمی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دیارینەکراوە.

بەشێک لە گروپە چەکدارییەکان لە سوریاوە بەرەو عێراق هاتون

لەلایەکی دیکەشەوە لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی هەواڵی عێراق (واع)ی راگەیاندوە، دوای ئەوەی زانیاری ئەوەیان بەدەستگەیشتوە کە بەشێک لە گروپە چەکدارییەکان لە سوریاوە بەرەو عێراق هاتون، ئەوەش مەترسی ناجێگیربونی دۆخی ئەمنی بەتایبەتی لەناوچە کێشەلەسەرەکان زیاترکردوە، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە کۆبونەتەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لەناوچە کێشە لەسەرەکان و دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر.





خەندان
Top