جێگری پارێزگاری هەولێر: هەرکەسێک لە پارێزگاکانی دیکەوە بێتە هەولێر 48 کاژێر کەرەنتین دەکرێت
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر راگەیاند، کەرەنتینکردنی ئەو کەسانە بۆ ئەوەیە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ بکرێت، "ئەگەر پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەربچێت و دەرکەوێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی هەولێر دەخەوێنرێن".
رۆژی شەممە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، قەدەخەی هاتووچۆی نێوان ههولێر و پارێزگاكانی دیكهی ههرێمی كوردستان و عێراق، بهداخراوی دهمێنێتهوه و رێگه به هیچ كهس نادرێت بێته ژوورهوه، "جگه لهو حاڵهتانه نهبێت كه له بهیانی وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان دیاریكراون".
هێمن قادر دەڵێت، ئەو کەسانەی کەرەنتین دەکرێن ئەوانەن کە مۆڵەتی رێپێدانیان هەیە. هاوکات رێگە بەو کەسانەش دەدرێت کە بەڵگەی پشکنینی کۆرۆنایان لە تاقیگەیەکی باوەڕپێکراو هەیە و 24 کاژێر بەسەر پشکنینەکەدا تێنەپەڕیوە.
بە گوتەی هێمن قادر، لە بازگەکان لەلایەن کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە هۆتێلی دوو ئەستێرە تاوەکو پێنج ئەستێرە بۆ ئەو کەسانە دابیندەکرێت کە کەرەنتین دەکرێن "پارەی کەرەنتینکردن و پشکنینی کۆرۆناش لەسەر ئەو کەسە دەبێت".
گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر باس لەوەشدەکات، ئەو بڕیارە خەڵکی هەولێر ناگرێتەوە کە سەردانی قەزا و شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەکەن.
رۆژی شەممە د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پێویستیان بەوەهەبوو 28 رۆژ قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لە هەولێر رابگەیێنن، "بەڵام دەمانزانی کە ئەوە زۆر قورس دەبێت بۆیە شەش رۆژ قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتیمان راگەیاند. راستە شەش رۆژ ژیان و کار و کاسبیمان راگرت، بەڵام بۆ ماوەی یەک ساڵ ئابووریی هەولێرمان پاراست". داوایشی لە خەڵکی هەولێر کرد تاوەکو 22 رۆژی دیکە لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆیان کەرەنتین بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7-5-2020 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی 31 کەس و گیانلەدەستدانی دوو کەسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر راگەیاند، بەوەش کۆی گیانلەدەستدان لە پارێزگاکە بۆ 31 کەس بەرزبووەوە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتە هەزار و 628 کەس.
رووداو
