حكوومەت دەستی بە وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیا و بازرگانەكان كردووە

حكوومەت دەستی بە وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیا و بازرگانەكان كردووە
لە چەند بانكێك قەرزی بازرگانان و كۆمپانیاكان وەردەگیرێتەوە. بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات پاش گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە، قەرزارەكان ئامادەییان دەربڕی
وە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان.

بەپێی زانیارییەكان لە درێژەی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، حكوومەت لە رێگەی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، دەستی كردووە بە وەرگرتنەوەی قەرزی گەورە بازرگان و كۆمپانیاكان.

بەپێی زانیارییەكان، لە دوو بانكی جیاوازی هەولێردا، لە ماوەیەكی كەمدا تواندراوە بڕێك لە قەرزەكان وەربگیرێتەوە.

بە نووسراوێك لە 25ی 6ی 2020 كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ناردووە، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی، بە لیستێك وردەكاریی قەرزە بازرگانییەكانی خستووەتە روو، لەگەڵ هەموو ئەو نووسراوانەی ئاگاداركردنەوە كە بۆ قەرزارەكان نێردراوە.

گشت بانكەكان پاش تەواوبوونی ماوەی یاسایی گەڕانەوەی قەرزەكان، نووسراویان بۆ بەرێوەبەرایەتیەكانی جێبەجێكردنی دادی هەولێر و دهۆك و سلێمانی كردووە، بە مەبەستی تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانی وەرگرتنەوەی قەرزەكان.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: "بەردەوامین لە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان و گرتنەبەری رێكارەكان، هەرچی رێكاریی یاسایی هەیە تەواو بووە".

جەختی لەوەش كردەوە: "نووسراومان بۆ بەرێوەبەرایەتییەكانی جێبەجێكردن كردووە بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە فرۆشتنی رەهنی ئەو قەرزارانەی كە قەرزەكانیان نەگەڕاندووەتەوە، خەڵكێكی زۆر هەیە پارەی گەڕاندووەتەوە، خەڵكێكی تریش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكەی، چەندین بازرگان تەلەفۆنیان بۆ كردووین بۆ ئەوەی بە قیست قەرزەكانیان بدنەوە، خەڵكێكی تریش پاش گرتنەبەری ڕێكارەكان ئامادەییان دەربڕیوە قەرزەكانیان بگەڕێننەوە".

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی ئەو زانیارییەی پشتڕاست كردەوە كە لە دوو بانكی هەولێر بڕێك لەو قەرزە گەڕێندراوەتەوە. گوتیشی: ”نووسرامان داوەتە بانكەكان بۆ مەسەلەی وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان و كۆمپانیاكان كە پێشووتر لە حكوومەت وەریانگرتووە".

زیاتر لە 2 هەزار سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیا نزیكەی 780 ملیار دیناری حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەزارن و هێشتا نەیانگەڕاندووەتەوە كە یەكێك لەوانە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیای (نالیا)یە كە دەوروبەری ٧٠ ملیۆن دۆلاری حكوومەت قەرزارە و ماوەیەكی زۆرە خۆی لە دانەوەی قەرزەكانی سەری دەدزێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەكان گوتیشی: "ئەوەی قەرزەكە نەداتەوە، دەست بەسەر ئەو موڵك و ماڵەیدا دەگیرێت كە لەبری قەرزەكەیدا رەهنی كردووە، دواتریش موڵك و ماڵەكە دەفرۆشرێت“.

ڕۆژی 5ی 5ی 2020، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک بڕیاری دەركرد و یەك لەو بڕیارانە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان بوو.










باسنیوز


Top