عێراق هەناردەكردنی نەوتی بۆ ئوردن راگرت

عێراق هەناردەكردنی نەوتی بۆ ئوردن راگرت
ئەمڕۆ پێنجشەممە حكوومەتی عێراق هەناردەكردنی نەوتی خاوی بۆ وڵاتی ئوردن راگرت.

وەزارەتی وزەی ئوردن رایگەیاند حكوومەتی عێراق هەناردەكردنی نەوتی خاوی رۆژانەی بۆ وڵاتەكەی راگرتووە، ئەمەش تا كاتێكی نادیار بەردەوام دەبێت، هۆكارەكەشی بڕیاری عێراقە بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت لەپێناو بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی وزەی جیهاندا.

ئەمەش لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراق چەندین ساڵە بە شێوەی بەردەوام، ڕۆژانە نەوتی خاو لە ڕێگەی وشكانیەوە بە تانكەری گواستنەوەی نەوت هەناردەی ئوردن دەكات.

وەزارەتی وزەی ئوردن هۆكاری ئەم هەنگاوەی عێراق بۆ داڕمانی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان گەڕاندووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی ئۆپك لەگەڵ رووسیادا ڕێككەوتن بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت، لەپێناو بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی وزەدا.


تا مانگی ئەیلوولی رابردوو، ئوردن رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە كێڵگەكانی نەوتی كەركووكەوە پێدەگەیشت، ئەمەش 7%ی پێداویستییەكانی وڵاتەكەی لە سووتەمەنی دابین دەكرد.












باسنيوز



Top