بابەكر زێباری: لە شەڕی دژی داعشدا نزیكەی 80 وڵات لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەسەر هێڵ بوون
بابەكر زێباری، فەرماندەی پێشمەرگە ڕایگەیاند: "بەشداریكردنی سەرۆك بارزانی كاریگەریی زۆری هەبوو لە شەڕی تیرۆرستانی داعش، ئەوكاتەی تیرۆرستانی داعش هێرشیان دەكرد، دەبوایە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق ڕێگە بدات هێزی پێشمەرگە داخلی مووسڵ بێت، بەڵام مالیكی قەبووڵی نەكرد، سەرۆك بارزانی دەیوست مووسڵ نەكەوێت، ئەوە بوو مووسڵ كەوتە ژێر دەستی داعش و مەترسیش كەوتە سەر هەرێمی كوردستان".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕوونی كردەوە: "لە دوای داگیركردنی مووسڵ، سەرۆك بارزانی چووە سحێلا و لەوێ بارەگای دانا و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی دەکرد و نزیكەی 80 دەوڵەتی هاوپەیمان كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكردن، پێكهاتبوون لە وڵاتانی زلهێزی دژ بە تیرۆر، هەموو ئەو وڵاتانە لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەسەر هێڵ بوون و بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی پشت قایم بوون".
بابەکر زێباری ڕاشی گەیاند: "وڵاتان پێیان وابوو شەڕی داعش، شەڕی شیعە و سوننەیە، بەڵام كە هاتن بۆ كوردستان، سەرۆك بارزانی بە وڵاتانی گوت ئەوە شەڕی شیعە و سوننە نییە، ئەوە شەڕی دژی تیرۆرە و ئەوان كورد و عەرەب و مەسیحی و موسڵمان و توركمان هەموو كەسێك دەكوژن، ئەوە بوو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە سەر هێڵ و پێشمەرگە شەڕی داعشی كرد. لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا گەلێگ ڕۆڵەمان بەخشی، بەڵام پێشمەرگە بە هەموو جیهانی سەلماند كە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆرستانی داعشی كرد".
ئەو فەرماندەیە پێیوایە كە داعش لە ڕووی فكرییەوە درێژكراوەی قاعیدە بووە، ”من ئەوكاتە لە بەغدا بووم، سەرۆک بارزانی دوو جار پەیوەندی پێوە كردم كە قسە لەگەڵ مالیكی بكەم، چونكە داعش نە تەنها لەسەر عێراق مەترسی بوو، بەڵکوو لەسەر هەموو جیهانیش مەترسی بوو، ئەویش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی هەموو شەڕەكانی دەكرد و بەرنامەكانی دادەنا و سەركەوتوانە پێشمەرگە لە میحوەرەكان دەیانتوانی بەپێی ئەو پلانەی بۆیان دانراوە، بەسەر تیرۆریستانی داعشدا سەربكەون".
بابەکر زێباری ڕەخنەی لە هەندێك پەرلەمانتاری كورد گرت و گوتی: ”بەداخەوە بۆ ئەو پەرلەمانتارە بەناو كوردانەی لە دژی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئەوانە سەرەتا زیان بە خۆیان دەگەیەنن، لە جیاتی ئەو كارەیان، پێویستە هەموو بەیەكەوە پارێزگاری لە كوردستان بكەین، چونكە ئێستا ئێران و عێراق و توركیا دەڵێن دەبێت سنوورمان بپارێزین، پێویستە ئێمەش نەهڵێن ئەو ئارامییەی هەیە لە كوردستان، بە دەستی هیچ لایەنێك تێك بچێت".
باسنیوز
