شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی فەریق جەمال ئیمینکى، گەیشتە بەغدا
شاندەكەی هەرێم لەلایەن فەریق جەمال ئیمینکى سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگە سەرۆكایەتی دەكرێت و بڕیارە لەگەڵ لیژنەى باڵاى هەماهەنگى لە وەزارەتى بەرگرى عێراق کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێك بكەن.
ئامانج لە سەردانەكە سەرلەنوێ دروستكردنەوەی هەماهەنگییە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئامانج لە سەردانەكە سەرلەنوێ دروستكردنەوەی هەماهەنگییە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لەسەر سەرجەم پرسە ئەمنییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بەتایبەت پرسی روبەروبونەوەی چەكدارانی داعش.
ئەم سەردانەی شاندی هەرێم، دوای زیاتر لە ساڵێك دێت لە ئەنجامدانی كۆبونەوەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، كە دواین كۆبونەوە لە 2/6/2019 لەنێوان شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامدرا، بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەش، هەرچەندە چەندین جار داوای ئەنجامدانی كۆبونەوە لە وەزارەتی بەرگری كراوە، بەڵام هەر جارەی بە بیانویەك كۆبونەوەكان نەبەستراون.
خەندان-
