زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان: حکومەت لەستراتیجیەتیدایە کەرتی تایبەت لەخزمەتی ھاوڵاتیاندا بێت
لە ڕاستیدا ستراتیجیەتی حکوومەت بەو شێوەیە نییە و لە بنەڕەتدا ئەم کابینەیەی حکوومەت ئامانجێتی کە خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی ھاووڵاتیان بکات و خەرجییە زیادەکان کەم بکاتەوە بۆ بوارێکی دیکەی بەکاربھێنێت کە ھاوڵاتیان پێویستیانە، ھەر بۆ ئەم ئامانجەشە کە وەزارەتی پلاندانان ڕاسپێردراوە ستراتیجیەتی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت ئامادە بکات، بۆ ئەوەی کارکردنی کەرتی تایبەت لەبنەڕەتدا لە خزمەتی ھاوڵاتیاندا بێت و دواتریش بۆ بوژانەوەی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت ھەنگاو بنێین ، ئەمەشیان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەخزمەتی ھاوڵاتیاندایە.
ئەوەی کە تایبەتە بە ڕێگاوبان و بەئەنقەست لەچوارچێوەی ئەو شەڕو بێسەروبەرییەی کە لە سۆشیال میدیادا بوونی ھەیە ، لێدوانەکانی منیان شێواندووە ، لەکاتێکدا مەبەستمان ئەوەبووە کە سەرەڕای ئەو ڕێگاوبانانەی لە لایەن حکوومەتەوە دروستکراوە، ھەندێک ڕێگای مۆدێرن بە ستانداردی نێودەوڵەتی ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دروست بکرێت بێ ئەوەی خەرجی حکومەت بۆ ئەم بوارە بڕوات، ئەو کات ھاووڵاتیان سەرپشک دەبن لە نێوان بەکارھێنانی ڕێگا مۆدێرنەکە یان ئەو ڕێگایانەی کە لەلایەن حکوومەتەوە دروست کراون و ئێستا ھەن، بەڵام ڕێگا مۆدێرنەکە کاتێک کە بەکار دەھێنرێت لەلایەن ھاووڵاتیانەوە، ھاووڵاتی پێویستە پارەیەکی رەمزی بۆ بەکارھێنانی بدات، کە لەرێگەی رێکەوتن لەگەڵ حکومەت و بەڕەچاوکردنی باروگوزەرانی خەڵک و داھاتی تاکەکەسی ھەرێم دیاری دەکرێت.
بۆ نموونە لە نێوانی ھەولێر و سلێمانی کە ڕێگایەکی ئۆتۆبان و مۆدێرن ھەبێت ھاووڵاتی دەتوانێت بە کلفەیەکی ڕەمزیی کەم ئەم رێگایە بە کار بھێنێت، کە زۆرجار بەھۆی کەمبوونەوەی ماوەی گەیشتن بەشوێنەکە خەرجی بەنزینیشی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ھەڵبژاردەی بەکارھێنانی ڕێگای بەلاش وەک ئەوەی ئێستا ھەیە ھەر بەردەست دەبێت.
ھاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا مەبەستی حکوومەتە کە ئەو پارەیەی ئێستا لە بەرامبەر ڕێگاوباندا لە ھاووڵاتیان وەریدەگیرێت بە میکانیزمی باشترەوە بخرێتەوە خزمەتی ڕێگاوبان و ھاووڵاتیان.
ئەم میکانیزمە لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە بەکاردەھێنرێت و وڵات بەمە دەتوانێت ببێتە خاوەنی ڕێگای مۆدێرن و پرۆژەی خزمەتگوزاریی پیشکەوتوو و ژێرخانی وڵات پێشدەکەوێت.
