مەیادە نەجاڕ: وەزیری بازرگانی بەڵێنیی چارەسەركردنی كێشەی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی داوە
پەڕلەمانتارێکی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە هاوكات ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنانە ڕای گەیاند بۆ چارەسەركردنی كێشەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و قەرزی سێ ساڵ كەڵكەبوویان لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق كۆ بووینەوە و داوای چارەسەركردنی كێشەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانمان لێكرد و نووسراوێكیشمان ئاراستە كرد و بەڵێنیی چارەسەركردنی پێداوین.
لەمبارەوە د. مەیادە نەجاڕ پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لە فراكسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: "وەك لیژنەی ئابووری بۆ چارەسەركردنی كێشەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان سەردانی (عەلا جبووری) وەزیری بارزگانیی حكوومەتی عێراقمان كرد و لەبارەی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە ماوەی چەند ساڵێكە كەڵكە بووە ناینێرن.كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵی ئەنجام دا"
ڕاشی گەیاند: "بە نووسراوێك داوای خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستانمان لە وەزیری بازرگانیی عێراق کرد و ئەویش جەختی لەوە كردەوە كە هیچ ڕێگرییەكی یاسایی و دەستووری نییە بۆ خەرجكردنی پارەی جووتیاران هەرێم بۆ هەر سێ ساڵی (٢٠١٦٫٢٠١٥٫٢٠١٤) ئەویش بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو كێشەی پێ داوین".
د. مەیادە نەجاڕ گوتیشی: "لە پێشتر بە بڕیارێكی سیاسی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە ڕاگیراوە و هەرچەندە پێشووتر فەرمانی خەرجكردنی بۆ دراوە لەلایەن سەڕۆكوەزیرانی پێشووترەوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە و پێشمان ڕاگەیاند ئەگەر هات و ئەو كێشەیە چارەسەر نەكەن، ئەوا ئێمە وەك نوێنەرانی كورد ڕێگای تر دەگرینە بەر بۆ ئەوەی مافی جووتیارانی هەرێمی كوردستان نەفەوتێت".
باسنيوز
