سێ بەرپرسی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون

سێ بەرپرسی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
سێ بەرپرسی ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازی سلێمانی توشی کۆرۆنا دەبن.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕايگەیاند: "كە نیشانەكانم تێدا دەركەوت، ئەوكات پشكنینم كرد، دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسەكەم بۆیە كەرنتینەكرام و بەركەوتەم لەگەڵ كەس نەبوو، پاش تێپەر بوونی 3 هەفتە ئێستا زۆر باشم، بریارە پشكنینی دووەمم بۆ بكرێتەوە".

گوتیشی: "لە ماوەی كەرنتینە بوونم رێنمایی پزیشكیم جێبەجێكرد و دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەكەم بەكارهێنا، هەروەها لەو نەخۆشییە خۆراگیری زۆر گرنگە و نابێت لە رووی دەروونی بشڵەژێی و بترسی".

ئاشكراشیكرد، لەگەڵ تووشبوونی بەم نەخۆشییە، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی سلێمانیش تووشی كۆرۆنا بوون، ئەوانیش ئێستا تەندروستیان باشە.

راشیگەیاند: "تووشبوونم بەم ڤایرۆسە روون نەبوو لەچ سەرچاوەیەکەوە بوو، بەڵام بەهۆی بینینی زۆری هاووڵاتییان‌ و کارەکەمەوە پێدەچێت بەرکەوتەی کەسێکی ھەڵگری کۆرۆنا بووبم".

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، داوا لە خەڵكی سلێمانی دەكات پابەندی رێنماییەكان بن و خۆیان لە كۆرۆنا بپارێزن، گوتیشی:" هەركەس نیشانەكانی تیادا دەركەوت دەكرێت پشكنین بكات، یان لە ماڵەوە خۆی كەرنتینە بكات چونكە تێكەڵاوی باش نییە و نابێت خەڵكی تر تووش بكرێت، ناكرێت نیشانەكان پشتگوێ بخرێت بەڵكوو دەبێت ئاگامان لەخۆمان بێ".
ئەو باسی ئەزموونی خۆی دەكات لەگەڵ ئەو نەخۆشییە و دەڵێت:" نیشانەكانی من ئەوەبوو هەموو گیانم ژانی دەكرد، ئارەقەم زۆر دەكرد بە تایبەت لەشەوان كە دەخەوتم، لەو ماوەیە كە كەرنتینەبووم شلەمەنیم زۆر دەخوارد، ڤیتامینەكانم دەخوارد لەگەڵ ئەو دەرمانانەی پزیشك داینابوو، ئێستادا باری تەندروستیم بەتەواوی جێگیرەو هیچ گرفتێکم نەماوە، هیوادارم تەواوی بەرکەوتوانی ئەم فایرۆسە چاک ببنەوەو بەسەلامەتی تێیپەڕێنن".










باسنيوز


Top