لیژنەی تەندورستیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: ئێستا کۆرۆنا لەناو کۆمەڵگە شەڕی تاک بە تاک دەکات
خانزاد مام دزەیی، سەرۆكی لیژنەی تەندورستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕايگەیاند: "بەداخەوە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڤایرۆسی كۆرونا بە شێوەیەكی بەربڵاو لە هەرێمی كوردستان ڕووی لە زیادبوون كردووە و ئەم شەپۆلەی ڤایرۆسەکە هەموو شوێن و كوچە و كۆڵانێكی گرتووەتەوە و ئێستا كۆرۆنا شەڕی تاك بە تاكی كۆمەڵگە دەكات و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە".
سەرۆكی لیژنەی تەندورستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند: "تیمە تەندورستییەكان ڕۆژانە لە خزمەتی هاووڵاتیان دان و ئەوانیش ماندوون و هەندێك لە پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكانیش تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە و چەندین شوێنی تریش بۆ تووشبوان ئامادە كراون بۆ حاڵەتی لە ناكاو، بۆیە دەبێت لەم دۆخە مەترسیدارە ئاگادار بین".
خانزاد مام دزەیی گوتیشی: "پێویستە هاووڵاتیان خۆیان ئاگاداری خۆیان بن و سەلامەتی خۆیان بپارێزن و دەمامك و دەستكێش بەكار بهێنن و هاوكاریی تیمە تەندروستییەكان بن و تەنها لە كاتی پێویستدا نەبێت لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە و خۆیان بە دوور بگرن لە هەموو گردبوونەوە و قەڵەباڵغییەك".
باسنيوز
